شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ ئیلهام ئەحمەد: شەهیدبوونی حەوت ئەندامی ماڵباتەکەت تا بڵێی کۆستێکی گەورەیە
وێستگەنیوز-
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەکات، بەهۆی گیانلەدەستدانی حەوت ئەندامی بنەماڵەکەی لە کۆمەڵکوژیەکەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود وئەشرەفییە لە حەلەب.
لە پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هاتووە، "خوشکی ئازیز و تێکۆشەرم ئیلهام ئەحمەدی سەربەرز بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی حەوت کەسم لە ئەندامانی ماڵباتە تێکۆشەرەکەت بیست، کە لە کۆمەڵکوژییەکەی شێخ مەقسود وئەشرەفییە گیانی پاکیان بە کورد و مرۆڤایەتی بەخشی".
ئاماژەی بەوەکردووە، "ئیتر داخ لە سەر داخ و خەم لە دوای خەم و کۆست لە دوای کۆست دیاری و بەرهەمی ئەم رۆژگارە نامۆیەن کە بۆ نەتەوەکەمان بەڕێوەن، نەتەوەیەک کە باشترین رۆڵەکانی بۆ ئازادی و بەختەوەری مرۆڤ لەم جیهانە ئەکاتە قوربانی کەچی زلهێزەکانیش چاو لەو هەموو نەهامەتی و لەو هەموو خوێنە ئەپۆشن کە بەدەستی تاریکپەرستان و دوژمنانی روناکی لە جەستەی گەلەکەمان ئەڕژێت".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "شەهیدبوونی حەوت ئەندامی ماڵباتەکەت تا بڵێی کۆستێکی گەورەیە، هەروەها ئازارێکیشە لە ناخ و رۆحی هەموو نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازێکدایە، بەڵام لە سایەی خۆڕاگری ئێوەو گەلە سەربەرزەکەمان، بارتەقای ئەو ئازارە، هیوا و ئومێد بە ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانە، لە دڵماندا زیاتر گەشە ئەکات".
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، "جارێکیتر هاوخەمی ئازارەکانتم و پشتیوانی خەونە مەزنەکانتانم، هەر سەرکەوتووبیت".
PM:05:48:15/01/2026
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت