د.عەلی قەرەداغی: داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەم شەڕ و کوشتار وەلابنێن و خوێنڕشتن راگرن
وێستگەنیوز-
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی بانگەوازێکی بەپەلەی ئاڕاستەی هەموو لایەنە ناکۆکەکانی سوریا کرد بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و خوێنڕشتن و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و بونیادنانی سوریایەکی نوێ.
پ.د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی راگەیاندووە، "داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەم: تکایە شەڕ و کوشتار وەلابنێن، خوێنڕشتن ڕاگرن، لە پێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بونیادنانی سوریایەکی نوێ، هەروەها پابەندبوون بەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەت و (هەسەدە) واژۆکراوە، و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێکی پاک و لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو، کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەرکرابێت".
ئاماژەی بەوەکردووە، "هەوڵێکی زۆرم داوە بۆ ئاشتەوایی و نزیککردنەوەی لایەنەکان و هێشتاش بەردەوامم. هەروەها داوا لە دڵسۆزان و چاکەخوازان دەکەم ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ وازهێنان لە شەڕ و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنه واژۆکراوەکە و تەواوکردنی".
دەقی راگەیەندراوەکەی پ.د. عەلی قەرەداغی:
"بانگەوازێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە
بە ناوی خۆمەوە داوا لە هەموو لایەنەکانی سوریا دەکەم: تکایە شەڕ و کوشتار وەلابنێن، خوێنڕشتن ڕاگرن، لە پێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بونیادنانی سوریایەکی نوێ، هەروەها پابەندبوون بەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەت و (هەسەدە) واژۆکراوە، و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێکی پاک و لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو، کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەرکرابێت.
ئەمە ئەرکێکی شەرعییە، هەروەک چۆن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییشە، چونکە ئاشتەوایی خێرە، بەڵکو فەتحێکی ڕوون و مایەی خێر و بەرەکەتە بۆ گەلی سوریا. جەنگ و کوشتار لە نێوان موسڵماناندا فیتنەیەکە شوێنەواری مەترسیداری هەیە، و هەمووی شەڕە و هەرگیز خێری تێدا نییە، ئەزموونە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن؛ هەر بۆیە قورئانی پیرۆز جەختی لەسەر حەرامکردن و بە تاوانکردنی کوشتنی موسڵمانان کردووەتەوە و خودای گەورە دەفەرموێت: { وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَا ؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا } (النساء: 93). بەڵکو خودای گەورە کوشتنی یەک مرۆڤی بە ناحەق وەک کوشتنی هەموو خەڵکی جیهان داناوە؛ وەک دەفەرموێت: { أَنَّهُ مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا ۚ} (المائدة: 32).
بەجێهێنانی ئەرکی ئایینی و نیشتمانی وادەخوازێت کە کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بونیادنەر و نیازێکی پاک و ڕاستگۆیانە چارەسەر بکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی گشتگیر و سڕینەوەی ئەو ستەم و کێشانەی کە ڕژێمی ستەمکاریی لەناوچووی پێشوو جێیهێشتوون. هەروەها داوایان لێدەکەم کاروانی برایەتی، ئاوەدانکردنەوە، زانست و شارستانییەت سەرڕێبکەن لە پێناو بونیادنانی سیستەمێکی نوێ کە مافی هەمووان بپارێزێت و جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە، تاوەکو سوریا ببێتە نموونەیەکی ڕاستەقینەی گەشەسەندووی، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: { وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ ۖ وَسَتُرَدُّونَ إِلَى عَالِمِ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ فَيُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ } (التوبة: 105).
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە شانازیی ئەوەم پێبڕاوه هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە بە هەموو توانامەوە پشتیوانی و پاڵپشتی گەلی سوریا بکەم. هەروەک لە ڕێگەی "ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی" کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دامانمەزراندووە، بە شێوەیەکی کارا بەشداربووین لە هاوکاریکردنی خوشک و برایانی ئاوارەی سوریا لە هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆی سوریاشدا، کە قوربانیی تاوانەکانی ڕژێمی ستەمکاری پێشوو بوون. هەروەها ئەو زانکۆیەی کە دامانمەزراندووە [زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق] سەدان خوێندکاری کوردی سوریای بۆ خوێندن وەرگرتووە بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر، ئەم پڕۆژەیە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە لایەکی ترەوە هەوڵێکی زۆرم داوە بۆ ئاشتەوایی و نزیککردنەوەی لایەنەکان و هێشتاش بەردەوامم. هەروەها داوا لە دڵسۆزان و چاکەخوازان دەکەم ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ وازهێنان لە شەڕ و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنه واژۆکراوەکە و تەواوکردنی، داواکارین لە خودا تێیدا سەرکەوتوومان بکات و شتێک ڕوونەدات ئێمە و هەموو خۆشەویست و دڵسۆزێک خەمبار بکات... ئامین.
ڕایدەگەیەنم کە ئەم بانگەوازەم ئاڕاستەی هەردوو لایەنەکە کردووە، و هیوا و ئومێدێكی زۆرم هەیە کە بە دەم ئەم داواکارییەوە بێن. هەروەها ئامادەیی خۆم نیشان دەدەم بۆ خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی
14 / 1 / 2026"
PM:10:28:14/01/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت