سەنتەری میترۆ: داوا لە قایمقامی شارەزوور دەكەین، سکاڵاکەی لەسەر ئەدمینی پەیجی شارەزوورنێت بكشێنێتەوە
وێستگەنیوز-
سەنتەری میترۆ نیگەرانە لە مامەڵەكردنی قایمقامی قەزای شارەزوور لەگەڵ پەیجی شارەزوور نێت و داوادەكات فشار لەسەر ئەدمینەكەی (عەدنان حەمە عەزیز) هەڵبگرێت و بە كەفالەت ئازاد بكرێت.
سەنتەری میترۆ بڵاویکردەوە، ئاڵا حەمە رەشید، هاوسەری عەدنان حەمە عەزیز بە سەنتەری میترۆی راگەیاند، "دوێنێ سێشەممە 13ی كانونی دووەمی 2026، هاوسەرەكەم چووە بەپیر داوایەكی یاسایی كە قایمقامی قەزای شارەزوور لەدژی تۆماركردبوو، نەگەڕایەوە دەستبەسەر كرا".
ئاماژەی بەوەکردووە، "داوا یاساییەكە پەیوەندی بە بڵاوكردنەوەی وێنەیەكەوە كە تیایدا پەیجی شارەزوور نێت ویستویەتی بەراورد لەسەر كارەكانی بەڕێوەبەری ناحییەی زەڕایەن قایمقامی شارەزوور بكرێت".
جەختیكردەوە، "لە چەند شوێنێكەوە هەواڵم پێگەیشتووە كە بە مەرجی دروستكردنی ڤیدیۆیەكی پەشیمانبوونەوە ئازادی دەكەن ئەمەش زۆر نیگەرانی كردووین".
سەنتەری میترۆ ئەو وێنەیەی بینی كە قایمقامی قەزای شارەزوور و بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەنی تێدا دەركەوتووە لە ژێر وێنەكە نووسراوە " بۆ رای گشتی جیاوازی نێوان كاركردنی قەزای شارەزوور و بەڕێوەبەری ناحییەی زەڕایەن".
وەک سەنتەری میترۆ دەڵێت، "ئەم وێنەیە هیچ سوكایەتی و ناوزڕاندنێكی تیا نییە و داوا لە قایمقامی شارەزوور دەكەین، داوای یاساییەكەی لەسەر ئەدمینی پەیجی شارەزوورنێت بكشێنێتەوە و ئازادبكرێت".
میترۆ دەشڵێت، "بەرێوەبەری ناحیە،قایمقام، پارێزگار، وەزیر، تا دەگاتە سەرۆكی حكومەت، ئەمانە كەسایەتی گشتین، دەبێت سنگیان فراوان بێت بۆ رەخنەو توانجی هاوڵاتییان و رۆژنامەنووسان و وا تەماشای بكەن كە بۆ راستكردنەوەی كارەكانیان و بەرژەوەندی گشتیيە".
PM:07:01:14/01/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت