ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق دەکات مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجبکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانونی دووەمی 2026 لە یەکەمین کۆبوونەوەی ساڵی 2026ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، دۆخی دارایی و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ کران.
لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەریێم رایگەیاند، لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پوختەی دۆخی دارایی ساڵی 2025 کرا و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2026 و کارکردن بۆ خەرجکردنی مووچە دواکەوتووەکانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، تاوتوێ کرا.
هەروەها ئاماژەیداوە، لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، راپۆرتێکی ورد و پڕ لە زانیاریی دۆخی دارایی خستەڕوو سەبارەت بە داهات و خەرجیەکانی ساڵی دارایی 2025 و پێشبینی و ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی دارایی 2026.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەردوو مووچەی مانگی یازدە و دوازدەی 2025 و مووچە خەرجنەکراوەکانی ساڵانی 2023 و 2024 خەرج بکات کە بێ هیچ بیانوو و هۆکارێکی یاسایی و دەستووریی نەیناردوون، چونکە مووچە مافی یاسایی وشایستەی مووچەخۆرانی هەرێمە و حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان دەستبەرداریان نابێت، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی ناکۆکییەکان نەکرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە، رێککەوتنامەی سێ لایەنی هەناردەی نەوتی جێبەجێکردووە و رۆژانە بە تێکڕایی 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانیی فرۆشراوە و داهاتەکەی بە کاش لە گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، وەک داهاتی کۆتایی تۆمارکراوە، ئەمە سەرەڕای ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و رەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش ، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، هیچ پارەیەکی لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بۆ خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە یاسای بودجەی عێراق خەرج نەکردووە، هەرچەندە تەرخانی داراییش هەبووە.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، بۆ ساڵی دارایی داهاتوو، دەبێت لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی حکومەتی فیدراڵ، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بکرێت کە بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت وەک هەرێمێکی دەستووریی و فیدراڵی کە بە پێی دوایین سەرژمێری عێراق کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەنجامدرا، رێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14%ە و دەبێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو رێژەیە دەستنیشان بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی سێ لایەنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025 ، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکەش بەردەوامە و نوێش کراوەتەوە.
لەم رووەوە، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان، داتا و زانیاری پێویستی لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی دانوستانی راسپارد ، چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و دارایی بۆ ڕێکخستنەوەی بابەتی بوودجە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ماف ودەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم ئامادە بکات و بکرێتە بنەمای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدڕاڵ و لە ئێستاشەوە، لیژنەی دانوستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاربکەن لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەتیش مووچە و شایستەداراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکار راسپێردران کە بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی پابەندییەکان و هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی نەهێڵنەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.
PM:04:48:14/01/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت