به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی شهمس: قسەكانی ئه‌حمه‌د شه‌رع زیاتر هەڕەشە بوو بۆسه‌ر هه‌سه‌ده
وێستگه‌نیوز -
ئیلی ناكوزی ده‌رهێنه‌ری كه‌ناڵی ئاسمانی شهمس داوای لێبوردن ده‌كات بۆ په‌خشنه‌كردنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع سه‌رۆكی كاتی سوریا و ده‌ڵێت: "قسەكانی زیاتر هەڕەشە بوو بۆسه‌ر هه‌سه‌ده و قسەكانی وەك ئاگاداركردنەوەی كۆتایی وابوو".
رۆژی سێشه‌ممه ئیلی ناكوزی، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی شهمس كه له شاری هه‌ولێره‌وه په‌خش ده‌كات و له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه دامه‌زراوه، سه‌باره‌ت به هۆكاری په‌خشنه‌كردنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع، سه‌رۆكی كاتی سوریا بۆ كه‌ناڵه‌كه‌ی رایگه‌یاند كه:
*بەرپرسێكی باڵای پارتی پەیوەندی پێوەكردم و پێی راگه‌یاندم كه سەرۆكی سوریا دەیەوێت چاوپێكەوتن لەگەڵ كەنالێكی كوردی بكات بۆ هێوكردنەوەی دۆخەكە.
*شه‌رع ویستی له رێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی شه‌مسه‌وه په‌یامه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێته رای گشتی و به‌تایبه‌تی رای گشتی كورد.
*دوودڵ بووم و خۆزگه‌م ده‌خواست رۆژنامه‌نووسێكی كورد ئه‌و چاوپێكه‌وتنه ئه‌نجام بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌نگه بتوانێ باشتر ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌یان ده‌رببڕن. به‌ڵام من هه‌ڵبژێردرام.
* ئاماده‌یی و ڕه‌زامه‌ندی خۆمان بۆ ئه‌نجامدانی چاوپێكه‌وتنه‌كه ده‌ربڕی، به‌و هیوایه‌ی به‌شداری بكه‌ین له هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه نه‌ك خراپتركردنی.
*ڕێككه‌وتن كرابوو كه چاوپێكه‌وتنه‌كه نیو كاتژمێر بخایه‌نێت، به‌ڵام درێژكرایه‌وه بۆ نزیكه‌ی 50 خولهك.
*شهمس دوای ڕاگه‌یاندنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌رع له‌لایه‌ن هه‌ردوو دۆست و دوژمنه‌وه هێرشی كرایه سه‌ر.
*رای گشتی كورد له هه‌ولێر دژی چاوپێكه‌وتنه‌كه بوو.
*هه‌ر له یه‌كه‌م پرسیاری چاوپێكه‌وتنه‌كه و له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ستمان به‌وه كرد كه قسه و باسه‌كان زۆر دژی هه‌سه‌ده بوون و تاده‌هات زیاتر په‌ره‌ی ده‌سه‌ند. له‌و كاته‌دا، پرسیارمان كرد كه په‌یامی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه له كوێی چاوپێكهوتنهكهدایه!
*كه‌شه‌كه تاده‌هات گرژتر ده‌بوو و هه‌ر جارێك هه‌وڵمده‌دا په‌یامێكی هێوركردنه‌وه‌ی لێدهربهێنم، هێرشی زیاتری ده‌كرده‌سه‌ر هه‌سه‌ده.
قسەكانی وەك ئاگاداركردنەوەی كۆتایی وابوو، بە ئاشكرا وتی: هیچ هێزێكی چەكدار قبوڵناكەم و سوریا دەبێت دەوڵەتێكی یەكگرتوو بێت.
*ئه‌وكاته‌ی شوێنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌م به‌جێهێشت و كۆتایی هات، په‌یوه‌ندیم به تیمه‌كه‌وه كرد و پێم وتن: "با سه‌یری ئه‌م چاوپێكه‌وتنه بكه‌ین و بزانین ئه‌رێنی و ئارامكه‌ره‌وه‌یه، یان پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی". بۆچوونی كۆده‌نگی ئه‌وه بوو كه چاوپێكه‌وتنه‌كه دووره له هێوركردنه‌وه و هاندانی توندوتیژی زیاتر. ناتوانین قبووڵی بكه‌ین كه كه‌ناڵی شهمس ببێته سه‌كۆیه‌ك بۆ پێكدادان و گرژی و ناته‌بایی زیاتر.
*ته‌له‌فزیۆنی شهمس كه له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی دامه‌زراوه، ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه سه‌باره‌ت به پرسی كورد و هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی و خۆشه‌ویستییه. ناتوانێت رۆڵی هه‌بێت له دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا و تێكدانی یه‌كگرتوویی كورد.
-بڕیاره سه‌خته‌كه درا: ته‌له‌فزیۆنی شهمس ڕێگه به‌خۆی نادات ببێته مایه‌ی دووبه‌ره‌كی، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كه‌ش ڕێگه ناده‌م سه‌رۆك بارزانی بخرێته ئه‌م هه‌ڵوێسته‌وه، باجه‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت. بۆیه خۆمان له په‌خشكردنی چاوپێكه‌وتنه‌كه به‌دوور ده‌گرین. مه‌به‌ستی ئه‌مه‌ش سوكایه‌تیكردن به سه‌رۆكایه‌تی سوریا و رۆژنامه‌نووسانی هاوكارمان نییه.
*بڕیاربوو چاوپێكه‌وتنه‌كه له ته‌له‌فزیۆنی شهمس و چه‌ند كه‌ناڵێكی دیكه‌ی شاری هه‌ولێر په‌خش بكرێت، به‌ڵام داوای لێبوردن له بینه‌ران و له سه‌رۆكایه‌تی كۆماری سوریا ده‌كه‌ین كه په‌خش نه‌كرا. كه‌ناڵه‌كانی تر ئازادن له بڕیاردان له‌سه‌ر په‌خشكردنی یان نا.
AM:12:26:14/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 1036
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت