تۆڕی هەشتی مارس مەلا مەزهەر خۆراسانی دەداتە دادگا و داوای سزادانی دەکات
وێستگە نیوز - سۆلین عوسمان
تۆڕی هەشتی مارس بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە و سوکایەتیکردن بە شکۆ و ئیرادەی ژنان و هێزی شەرەڤانان، لائیحەیەکی یاسایی ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەن و داوای ڕاپێچکردنی مەلا مەزهەر خۆراسانی بۆ بەردەم دادگا و سزادانی دەکەن، تا چیتر ناو و ناسنامەی ژنان بۆ مەرامی تایبەت بەکارنەهێنرێت.
ئەم هەڵوێستەی تۆڕی هەشتی مارس دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە ڕێگەی کەناڵە میدیاییەکانەوە بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەت ئەو ژنانەی لە ڕیزەکانی بەرگریدا وەک شەرەڤان چالاکن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و شکاندنی شکۆی مرۆیی ژنان لەقەڵەم دەدرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، تۆڕی هەشتی مارس ئاماژەی بەوە کردووە کە سبەی لائیحەی یاسایی تایبەت بەم کەیسە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، ئەوان پێیان وایە کە داواکاری گشتی وەک پارێزەری مافی گشتی، ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی لەسەر شانە کە ڕێگری لەم جۆرە لێدوانانە بگرێت کە دەبنە هۆی ناوزڕاندنی ژنان و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و دواکەوتوویی لە ناو جومگەکانی کۆمەڵگەدا.
ئەمە یەکەمجار نییە کە مەلا مەزهەر خۆراسانی بەهۆی لێدوانەکانیەوە دەبێتە جێگەی مشتومڕ و ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی مەدەنی، پێشتر چەندین جار بەهۆی گوتارەکانیەوە کە بە سوکایەتیکردن بە مافەکانی ژنان و تێکدانی شیرازەی خێزان لێکدراوەتەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەتەوە، بەڵام ئەمجارە تۆڕی هەشتی مارس جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت تەنها بە ڕەخنە کۆتایی بێت و پێویستە یاسا سەروەر بێت و سزای دادپەروەرانەی بدرێت.
تۆڕی هەشتی مارس لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا دەکات کە چیتر شکۆ و ئیرادەی ژنان و قوربانییەکانیان نەکرێنە کەرەستەی بانگەشەی بیری کۆنەپەرستی، جەختیشیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە ڕێکارە یاساییەکان تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە دەدات و سنوورێک بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە دادەنێت کە زیان بە بەها مرۆییەکان دەگەیەنن.
PM:11:02:12/01/2026
ئهم بابهته 500
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت