سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی: زیادکردنی باج و گومرگ نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکاندا بەرزدەکاتەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، زیادکردنی باج و گومرگ هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، زیادکردنی باج و گومرگ دەبێتە بارگرانی بۆ بازرگانان.


ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی کانونی دووەمی 2026، نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "ئەو سیستمەی بۆ زیادکردنی باج و گومرگ دانراوە لە عێراق دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "زیادکردنی باج و گومرگ دەبێتە بارگرانی بۆ بازرگانان، نرخی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ لە دۆلار و نیوێکەوە بووەتە هەشت دۆلار، ئەمەش ناڕەزایەتی بازرگانانی هەرێم و عێراقیشی لێکەوتووەتەوە".

نەوزاد غەفور وتی، "بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەبێت رسومات بەپێی پێویست بێت، بۆیە حکومەتی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە باج و گومرگدا بکات".

وتیشی، "کاریگەریی ئەم بڕیارە لەئێستادا دیار نییە، چونکە ئەو کاڵایانەی کە ئێستا هەن لەبازاڕەکاندا بە باج و گومرگی پێشووتر هاتووە، بەڵام لە دوای ئەم بڕیارە هەندێک لە کاڵا و شمەک نرخەکانیان لە بازاڕدا زۆر بەرزدەبێتەوە".

نەوزاد غەفور باسی لەوەشکرد، "ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ زیاترن پشتگیریی زیادکردنی باجیان دەکەین".


AM:09:59:11/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو