مورشید خەزنەوی: مەسعود بارزانی دەتوانێت فشارێکی گەورە دروست بکات بۆ وەستاندنی شەڕ و رێگریگرتن لە قڕکردنی کورد لە حەلەب


وێستگەنیوز-

مورشید خەزنەوی رایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی بەهۆی پێگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانی، دەتوانێت فشارێکی گەورە دروست بکات بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و ڕێگریگرتن لە قڕکردنی کورد لە حەلەب.


مورشید خەزنەوی، کەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی دیاری رۆژئاوای کوردستان بە کوردستان 24ی رایگەیاندووە، "گەلی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب لە ناو خەباتێکی مێژووییدان دژی هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییان".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم هێرشانە هەوڵێکی دەرەکییە بۆ شکاندنی ئیرادەی کورد، بەڵام ئەم گەلە هەموو ژیانی لە تێکۆشاندا بەسەر بردووە و هەرگیز سەری خۆی بۆ داگیرکەران و گرووپە توندڕەوەکان ناچەمێنێت".

خەزنەوی دەڵێت، "هێزەکانی ئاسایش و هاوڵاتییانی سڤیل لە بەرامبەر تۆپبارانە بەردەوامەکانی چەکدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) وەک چیایەک وەستاونەتەوە و مۆڕاڵێکی بەرزیان هەیە، چونکە پشتیوانیی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانیان لەگەڵە".

دەشڵێت، "دەرکەوت ئەو سوریایەی خەڵک ئومێدی بۆ دەخواست، نابێتە ئەو نیشتمانەی جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە، چونکە حکومەتی ئێستای دیمەشق بڕیارەکانی لە دەستی خۆیدا نییە و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە ئاراستە دەکرێت".

خەزنەوی وتی، "جۆلانی زیاتر لەوەی نوێنەرایەتی سوریا بکات، بڕیارەکانی سەرۆکی وڵاتێکی دراوسێ دژی کورد جێبەجێ دەکات".

وتیشی، "سەرەڕای ئەوەی هەمیشە کورد دەستی ئاشتی و دیالۆگی درێژ کردووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر بە پیلانی دەرەکی هەوڵی شکاندنی ئیرادەی کورد دەدەن، کە ئەمەش بە گوتەی ئەو تەنیا خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بەرزتر دەکاتەوە".

مورشید خەزنەوی جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی مەسعود بارزانی کردەوە لەم قۆناغەدا و رایگەیاند، "مەسعود بارزانی بەهۆی پێگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانی، دەتوانێت فشارێکی گەورە دروست بکات بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە و ڕێگریگرتن لە قڕکردنی کورد لە حەلەب".

هەروەها داوای لە پارتە سیاسییەکانی باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا کرد کە بەیەک دەنگ و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی رۆژئاوای کوردستان بکەن، چونکە ئەم یەکدەنگییە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا دەبێت و کۆتایی ئەم ململانێیەش بە سەرکەوتنی گەلی کورد و پاراستنی شکۆی نەتەوەیی کۆتایی دێت.


PM:10:03:08/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت