کۆمەڵی دادگەریی: پێویستە کێشەکان سوریا و رۆژئاوای کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ و لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی کانونی دووەمی 2026، مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی دوای کۆنگرەی پێنجەم بە سەرپەرشتی مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵەی دادگەریی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی بێت، سەرەتای کۆبوونەوەکە مامۆستا عەلی باپیر خوێندنەوەی خۆی بۆ پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و دۆخی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵی دادگەری لە قۆناغی داهاتوودا، وێڕای چاو بەخۆداگێرانەوە، بە بەرنامەیەکی نوێوە سەرجەم ئۆرگانەکانی لەسەر بنەمای ڕاوێژ بە شێوەیەکی کارا ڕێکدەخاتەوە، بە جۆرێک کە باشتر خزمەت بە جەماوەری کوردستان و ئەندامانی کۆمەڵ بکات.
وەک لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی هاتووە، گرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە:
- ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی کۆمەڵی دادگەری و هەڵسەنگاندن بۆ ئامادەکاریەکانی تەشکیلاتیی کارگێری حزب. لەم تەوەرەدا باس لە داڕشتنی میکانیزمی نوێ و دیاریکردنی ڕێوشوێنی گونجاو کرا بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەکە.
- هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری لەسەر ئاڵۆزییەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ خوازیاری راگرتنی دەستبەجێی توندوتیژی و پێکدادانەکان بوو، بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و گیانی هاوڵاتییان، جەختیش کرایەوە کە پێویستە کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، بە جۆرێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت، بەتایبەتی مافە رەواکانی گەلی کورد لە سوریادا، کە لە رابردوودا پشکی شێری لە چەوسانەوە و بێبەشکردن لە مافەکانی بەرکەوتووە.
PM:09:25:08/01/2026
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت