حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە سێ ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق لە 41%ی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی خەرج کردووە


وێستگەنیوز-

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سێ ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق لە 41%ی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی خەرج کردووە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا".

ئاماژەی بەوەکرد، "جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج کراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەڕووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "کەلێنی گەورەی دارایی" کراوەتەوە".

بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنها %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە.

هەروەها سەرەڕای تەرخانکردنی بڕی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێم 0 بووە، کە بووەتە هۆی فشار بۆ پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە، لە دۆسیەی نەوتدا، راگرتنی هەناردەی نەوت لە ئادارى 2023، 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. کە لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ" ناردووە، بەڵام دروستکردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە.

وەک فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی پێدەکات، حکومەتی فیدراڵ بۆ هەریەك لە ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025)، مووچەی ساڵی بەتەواویی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ.


PM:03:43:06/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو