بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت حکومەتێک بونیادبنێین کە وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستی خەڵک بێت


وێستگه‌نیوز –

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت دەمانەوێت حکومەتێک بونیادبنێین کە وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستی خەڵک بێت.


بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنەكەی، "بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی سادقوون بە سەرۆکایەتی دکتۆر نەعیم عەبوودی کرد".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "لە دیدارێکدا بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و نزار ئامێدی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، تەئکید لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و خزمەتکردنی گەل و وڵات".

ئاماژەشیكرد، "هەر لە دیدارەکەدا پێویستیی بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانە و هاریکاری هەمەلایەنەی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری عیراق و پابەندبوون بە وادەی دەستوور بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق دووپاتی لەسەر کرایەوە".

بەپێی راگەیەندراوەكە، "بافڵ تاڵەبانی پەرۆشانە جەختی لە سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی بۆ کاری هاوبەشێتی و شەراکەتی حەقیقی لە عیراقدا کردەوە و وتی، دەمانەوێت حکومەتێک بونیادبنێین کە وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بێت و ببێتە مایەی خزمەتکردنی زیاتر و بوژاندنەوەی زیاتری وڵاتەکەمان، کە ئەمەش تەنها بە پرۆژەی هاوبەش بەدیدێت".


PM:10:04:04/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت