مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ نەبوونی سیستمی گەرمكەرەوە دەكات لە هۆڵەكانی چاكسازی


وێستگه‌نیوز –

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ نەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوە لە هۆڵەکانی چاکسازی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێریان کردووه.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوێک لە لایەن سزادراوێک بەناوی (ش.ش)، کە تێیدا ئاماژە بە نەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوە لە هۆڵەکانی چاکسازی کرابوو؛ شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێریان کرد".

ئاماژەشیكرد، "لە رێکەوتی 4 / 1 / 2026، تیمێکی دەستە بە سەرۆکایەتیی (تاڤگە عومەر)، بەڕێوەبەری گشتیی یاسا و پاراستنی مافی مرۆڤ، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی گەورانی هەولێریان کرد، ئامانجی سەردانەکە بەدواداچوون بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوە و ئاوی گەرم بۆ خۆشۆشتنی سزادراوان دەکەن".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "بۆ ئەم مەبەستە، شاندەکە زۆربەی هۆڵەکانی چاکسازی و تەنانەت هۆڵی سزادراوە سکاڵاکارەکەشیان بەسەرکردەوە و گوێبیستی داواکاری و سکاڵای سزادراوانی تر بوون، دوای گفتوگۆیەکی راشکاوانە، دەرکەوت کە سزادراوان گلەییان لەو بابەتە نییە؛ هەروەها بۆ دڵنیایی زیاتر، تیمەکە شوێنی حەوانەوەی سزادراوانیان پشکنی و دەرکەوت کە لە رووی گەرمکەرەوەوە و ئاوی گەرم بۆ خۆشۆشتن، هیچ کێشەیەکیان نییە".

بەپێی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، "لە لایەکی ترەوە، ئیدارەی چاکسازی دڵنیایی دا کە تەواوی پێداویستییەکانی وەرزی زستان دابین کراون و لەو رووەوە هیچ کەمکوڕییەک بوونی نییە".



PM:07:55:04/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت