تۆڕی هاوپەیمانی 19 لەبارەی دەستگیرکردنی دڵشاد میرانییەوە: ئەوەی داوای قەرزەكەی بكاتەوە هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی؟


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی كانونی دووەمی 2026، تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی هەڵكوتانە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیركردنی بەبێ تۆمەتێكی روون، داوا لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكات، روونكردنەوە لەسەر هۆكاری دەستگیركردنەكەی بدەن.


دانا مەحمود تۆفیق برای مامۆستا دڵشاد بە تۆڕی هاوپەیمانی19ی راگەیاندووە، "شەوی شەممە 3ی كانونی دووەم، هێزێك چوونەتە سەر ماڵی براكەم و دەستگیریان كردووە".

ئاماژەی بەوەکردووە، "هیچ كێشەیەكی یاسایی و كەسی نییە، نازانین بۆ دەسگیركراوە، بەڵام ئەگەرێكی زۆر ئەوەیە پەیوەندی بە ناڕەزایەتی و لێدوانەكانی هەبێت لەبارەی مووچەكانی هاوڵاتییان".

مامۆستا دڵشاد لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا كە رۆژی شەممە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوكرایەوە، داوایكردبوو مووچەیەی بڕاوی فەرمانبەران و مامۆستایان كە لای حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە سەرف بكرێت كە زیاتر لە 46 مووچەیە، بۆ ئەمەش رایگەیاندبوو، "رۆژی یەكشەممە 4ی کانونی دووەم بایكۆتی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت".

تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەڵێت، "مامۆستا دڵشاد میرانی و هەزاران مووچەخۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمان داخوازییان لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە وا تەماشا دەكەن، ئەو مووچانە قەرزن لای هەردوو حكومەت، داوا دەكەن موچەكانیان نەفەوتێت و مافیان پارێزراو بێت، جا هەر هاوڵاتییەك داوای لە حكومەت كرد، قەرزەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە، لە نیوەشەودا هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی و دەيخەنە كونجی بەندیخانە؟".

لە راگەیەندارەوەکەی تۆڕی هاوپەیمانی 19 هاتووە، ئێمە لە تۆڕی هاوپەیمانی 19 نیگەرانین لە هەڵكوتانە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیركردنی، داوا لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەكات، روونكردنەوە لەسەر هۆكاری دەسگیركردنەكەی بدەن.

دڵشاد میرانی چالاكوانێكی دیاری شاری سلێمانییە، بەشداری و سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی رابردووی مامۆستایان و فەرمانبەرانی كردوە، لە كۆتایی حوزەیرانی 2025 ، ئاسایشی سلێمانی دەسگیریانكرد، پاش دوو رۆژ لە گەڵ دەیان دەسگیركراوی تر ئازاد كران.

تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنیسپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.


AM:10:00:04/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو