حزبی شیوعیی کوردستان: بە تووندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا دەکەین
وێستگەنیوز-
مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا و هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەی حزبی شیوعی هاتووە، "لە کاتێکدا گەلانی ئازادیخواز بە ئاواتی ساڵێکی ئارام و ئاشتییەکی جیهانییەوە پێشوازییان لە ساڵی نوێ دەکرد، ترەمپ و ئیدارەکەی بە هێرشکردنە سەر گەلی ڤەنزوێلا و بەزاندنی سەروەریی وڵاتەکەیان، جارێکی تر ئاشتیی جیهانی و مافی نەتەوەیی ئەو وڵاتەیان پێشێل کرد".
ئاماژە بەوەکراوە، "دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی ئەوەی سەلماند کە هەوڵ دەدات بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازی مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سپاندنی هەژموونی جیهانی و گواستنەوەی جوگرافیای شەڕ، ئەمە کردەوەیەکی دوژمنکاریی سەربازییە دژی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە شایانی توندترین سەرکۆنەکردنە، چونکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرجەم پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتییە".
ئەوەش هاتووە، "نیازە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ لادانی سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی ئابووری و سیاسیی نێودەوڵەتی دایە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەک جەمسەرێکی جیهانی. ئەمریکا کە ئێستا توانای گەشە و کێبڕکێی ئابووریی (لە ئاستی جاران) لەدەست داوە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی مسۆگەرکردنی سەرچاوەکانی وزە و نەوت، ئەو هاوسەنگییە لارەی لە ئاست جەمسەرە ڕکابەرەکانی تری جیهاندا هەیەتی، ڕاستی بکاتەوە".
حزبی شیوعی دەڵێت، "ئەم هێرشە سەربازییە، گەڕانەوەیە بۆ میتۆدی "سیاسەتی واقیعی سەپێنراو" کە ئەمریکا لەگەڵ کاندیدکردنەوەی ترەمپ سەرلەنوێ کاری پێ دەکاتەوە؛ بەڵام لە قۆناغی ئێستادا توندتر لە جاران و لە ڕێگەی پێشکەوتنی بێوێنەی تەکنەلۆژیای سەربازی و سیخوڕیی مەیدانییەوە ئەنجامی دەدات. پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە، بەڵکو لەلایەن جەمسەرەکانی تریشەوە، لە ئێستادا کراوەتە ڕێگەیەک بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی و سەپاندنی هاوکێشەی تازە بەسەر جیهاندا. ئەوەی لە ئەمریکای لاتین ڕوو دەدات، لەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا لە وڵاتانی تری ئەو ناوچەیەش دووبارە دەبێتەوە کە بەرهەڵستکاری تەماحەکانی ئەمریکان، بەتایبەتی ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەی لە ڕووی سەربازییەوە بێهێزن".
ئەمڕۆ شەممە 3ی کانونی دووەمی 2026، نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكاوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەستگیركرا و بەفڕۆكە گواسترانەوە بۆ ناو خاكی ئەمریكا، لەوبارەیەوە پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی سیلیا فلۆریس لە ناوچەی باشووری نیویۆرک بە تۆمەتی پیلانگێڕی تیرۆریستی و مادە هۆشبەرەکان و هاوردەکردنی کۆکاین و تاوانی چەک تۆمەتبار کراون".
بۆندی ئاماژەی بەوەکرد، "بەمزووانە ئەو دوو هاوسەرە لە دادگاکانی ئەمریکا دادگایی دەکرێن".
PM:11:02:03/01/2026
ئهم بابهته 740
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت