بەرپرسانی كوردستان پیرۆزبایی جەژنی قەوڵتاس لە كاكەییەكان دەكەن و رۆڵیان بەرز دەنرخێنن
وێستگەنیوز-
بەبۆنەی جەژنی قەوڵتاسەوە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پیرۆزباییان ئاڕاستەی كاكەییەكان كرد و رۆڵیانیان بەرز نرخاند.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (قەوڵتاس)ـی كاكەییەكان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشك و برایانی كاكەیی لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم".
وتيشى، "کوردستان وڵاتی تەبایی و برایەتی و پێکەوەژیانە و هیوادارم خوشک و برا کاکەییەکان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تری کوردستان هەردەم بۆنە و جەژن و خۆشیەکانیان لە سایەی ئاسوودەیی و ئارامیدا بکەنەوە".
لەلایەن خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "هاتنەوەی جەژنی سێ شەوەی یاران قەوڵتاس، به گهرمى و له دڵهوه له تەواوی خوشک و برایانی کاکەیی (یارسانی) لە هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهان پيرۆز دەکەم. هیوادارم جەژنێکی ئارام و پڕ لە خۆشی و كامهرانى بهسهربهرن".
دەشڵێت، "هاووڵاتييانى کاکەیيمان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و دێرینی ئەم نیشتمانە، هەمیشە نموونەی جوانی لێبووردەیی، ئاشتیخوازی و نیشتمانپەروەری بوون. بە درێژایی مێژوو، سەرەڕای ئاڵنگاری و ناهەموارییەکان، پارێزگاریيان لە ناسنامە و ئایین و کولتووری خۆيان کردووە و لە بەرگریکردن لە کوردستاندا قوربانیيان داوە".
دووپاتیشیكردەوە، "لەم بۆنەیەدا، هەموو هاووڵاتييانى کاکەیيمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارامی پێکەوەژیان و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتهکان دەمێنێتەوە. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی مافەکانیان و پاراستنی تایبەت".
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی کاکەیى (یارسانان) کردووە بەبۆنەی هاتنی جەژنى یارانی قەولتاس و رایگەیاند، "بە بۆنەى هاتنی جەژنى یارانی قەولتاس، گەرمترین پیرۆزبایى ئاراستەی گشت خوشک و برایانی کاکەیى (یارسانان) لە کوردستان و جیهان دەکەم، ئومێدەوارم ڕۆژانی جەژن لە خۆشی و ئاسوودەییدا بەسەر ببەن".
باسی لەوەشكرد، "کاکەییەکان بەشێکی گرنگی گەلی کوردستانن و خاوەنی خەبات و تێکۆشان و مێژوویەکی پڕ لە سەروەرین لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و هیوادارم لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی دیکەی کوردستاندا، هەمیشە بە تەبایی و لە ئاشتیدا بژین".
بەهەمان شێوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی جەژنى سێ شەوەى قەوەڵتاسەوە پیرۆزبایی لە کاکەییەکان کرد و وتی: "ئێوە بەشێکى سەرەکین لە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان، ڕۆڵى بەرچاوتان لە خەبات و تێکۆشانى نەتەوەکەماندا هەیە".
PM:08:01:03/01/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت