شەرقولئەوسەت: كورد لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناكۆكن
وێستگەنیوز-
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشكرای كردووە بازنەی ناكۆكییەكانی نێوان كورد لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بەرفراوانتر بووە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە ناكۆكییەكان زیاتر لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە لەسەر ئەو میکانیزمەی کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق پێشنیازی کردووە.
روونیشیكردەوە، هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ئارادایە لە نێوان هەردوو لایەن بۆ چارسەركردنی ناکۆکییەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەنگیان بە قازانجی کاندیدەكەی پارتی دیموکراتی کوردستان دا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق داوای كردبوو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نوێنەرێکی کورد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە کاندید بکات و هەموو لایەنە کوردییەکان لەسەر یەک کاندید رێکبکەون و فراكسیۆنە کوردییەکان و ئەندامانی پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرن.
مەسعود بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو پۆستە پشکی کوردە، بەبێ ئەوەی کاندیدەکە بە هیچ لایەنێکی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە و گرنگترین شت بەدەستهێنانی کۆدەنگی کوردە و سەرۆک كۆمار نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات لە بەغداد.
AM:11:35:01/01/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت