نێچیرڤان بارزانی بۆ هاوڵاتییان:هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی 2026 ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتییان بێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دڵنیایی دەدات بە هاوڵاتییان.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "ساڵی نوێی زایينی (2026)، به‌ گه‌رمى له‌ كوردستانييانى خۆشه‌ويست به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، له‌ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزە ئەمنییەکان و تەواوی گەلانی عێراق و جیهان پيرۆز دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهاتنی هیواکان، کۆتاییهاتنی قەیرانەکان و کردنەوەی دەرگای خێر و خۆشی بێت بۆ هەمووان".

ئاماژەی بەوەکرد، "بە هاتنی ساڵی نوێ بکەینە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە تيایدا ناکۆکییەکان بخەینە لاوە و گیانی تەبایی، لێبوردەیی و یەکڕیزی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێكهاته‌كاندا باڵادەست بێت. هێزمان لە یەکترقبووڵکردن و پێكه‌وه‌ژيان و پێکەوەکارکردندايە كه‌ تاکە گه‌ره‌نتيى پاراستنی دەستکەوتەکانمان و مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانمانه‌".

لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "لەسەر ئاستی عێراقيش هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بێت لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی ڕاستەقینە. هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە دەستپێشخەر و ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن. وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ هه‌ر كوێى جيهان بێت به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك پشتگيرى له‌ ئاشتى ده‌كات".

دەشڵێت، "كوردستانییانی خۆشەویست، با بە ئومێد و گەشبینییەوە له‌ داهاتوو بڕوانين. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی 2026، ساڵی چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان بێت، ئێمە باوەڕمان بە توانا و وزەی گەنجان و دڵسۆزیی گه‌لى كوردستان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر".


PM:05:34:31/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو