بزووتنەوەی گۆڕان: هەرێمی کوردستان، پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە
وێستگەنیوز-
بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان، پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی کانونی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "بە هەست و سۆزێکی نیشتمانییەوە، پیرۆزبایی ساڵی نوێی زایینی 2026 ئاڕاستەی هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی دەکەین".
ئاماژە بەوەکراوە، "لە ساڵی نوێدا، هەرێمی کوردستان، پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە، پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی و حوکمڕانییەکی دروستە، کە تیایدا سەروەری یاسا و دادی کۆمەڵایەتی بەرقەرار بێت، هاوکات هەموان بەیەکەوە هەوڵ بدەین ئەم ساڵە بکەینە وێستگەی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی نیشتمانی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەمو ئەم هەنگاوانەش بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ هاوڵاتییان".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئومێدەوارین ساڵی نوێ؛ ساڵی کۆتاییهاتنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، ساڵی گەڕانەوەی متمانە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکان، و ساڵی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان، با هەموومان پێکەوە، بە ڕۆحێکی نوێ و ئومێدێکی گەشەوە، کار بۆ داهاتوویەکی باشتر بکەین، کە تیایدا سیاسەت لەپێناو چاکەی گشتی و وەڵامدانەوەی ئەرێنی داخوازییەکانی هاونیشتمانیان بێت".
PM:04:58:31/12/2025
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت