هه‌سه‌ده‌ ئاماری‌ چالاكییه‌كانی‌ 2025ی‌ له‌ دژی‌ داعش راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز –

ناوه‌ندی‌ راگه‌یاندنی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" رایگه‌یاند كه‌ له‌ (2025)دا (163) ئۆپراسیۆن و(32) پێكدادانی راسته‌وخۆیان دژی تیرۆریستانی داعش ئه‌نجامداوه‌، ده‌شڵێت: "له‌ (70%) چالاكییه‌كانمان له‌ گونده‌كان بووه‌ و (3) سه‌ركرده‌ و (13) چه‌كداریان كوژراون".

ئه‌مڕۆ 31ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2025 ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ئاماری چالاكییه‌كانی‌ دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعشی له‌ ساڵی (2025) دا بڵاوكرده‌وه‌و تیایدا هاتووه‌ "له‌ چوارچێوه‌یه‌كی به‌رگری و ئه‌منیدا و به‌ ئامانجی پاراستنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و رێگریكردن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی گروپه‌كه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی، هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌وام بوون له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سیستماتیكیه‌كانیان دژی شانه‌كانی داعش".

ئه‌مه‌ش ئاماری‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانه‌:

یه‌كه‌م: ئاماری ژماره‌یی

•كۆی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه‌ ئه‌نجامدراون: 163 ئۆپه‌راسیۆن
•ئۆپه‌راسیۆنی كێوماڵكردنی گه‌وره‌: 3 ئۆپه‌راسیۆن
•هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر حه‌شارگه‌كانی داعش و گه‌ڕان به‌دوای حه‌شارگه‌كانی داعش: 128
•پێكدادانی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی داعش: 32
•ژماره‌ی ئه‌و داعشانه‌ی ده‌ستگیركراون: 140 كه‌س
•ژماره‌ی كوژراونی داعش: 13 كه‌س 3 سه‌ركرده‌یان تێدا بووه‌
•هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بۆمبی چێندراو: 79
•هێرشه‌كانی داعش: 220

دووه‌م: دابه‌شبوونی جوگرافیای نزیكه‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژی داعش:

• ناوچه‌ گوندنشینه‌كان: 70%
• شار و شارۆچكه‌كان: 20%
• رێگا گرنگه‌كان: 10%

سێیه‌م: سروشتی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵه‌دا:

• پشت به‌ستن به‌ خانه‌ بچووك و نوستووه‌كان
• به‌كارهێنانی بۆمبی چێنراو و بۆسه‌ی سنوردار
• هه‌وڵدان بۆ به‌ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و ژێرخانی خزمه‌تگوزاری
• چالاكیی پڕوپاگه‌نده‌ و هاندان له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جێگره‌وه‌

چواره‌م: ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان: 

• كه‌مكردنه‌وه‌ی تواناكانی ئۆپه‌راسیۆنی رێكخراوی تیرۆریستی
• هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی پشتگیری لۆجستی و هاوكاره‌كانی
• رێگریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌یان هێرش كه‌ ڕێكخراوه‌كه‌ پلانی دانابوو خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بكاته‌ ئامانج
• به‌هێزكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا




AM:10:38:31/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو