مەسعود بارزانی: مەرج نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی یان یەكێتی بێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پۆستە پشکی كوردە، ئاماژە بەوەشدەکات، مەرج نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانونی یەکەمی 2025، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن".

مەسعود بارزانی دەڵێت، "مەرجیش نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق".


PM:12:04:29/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت