دەم پارتی دژی هێرشکردنە سەر کەسایەتی ژنە سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا سکاڵای یاسایی تۆمارکرد
وێستگەنیوز-
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بەهۆی بڵاوبوونەوەی دروشمی رەگەزپەرستانە و سوکایەتیکردن بە ناسنامەی ژن لە یاریگاکانی تورکیا بەرامبەر ژنە سیاسەتمەداری کورد، لەیلا زانا، سکاڵای یاساییان تۆمارکرد.
تولای هاتیمئۆغولاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، لەڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە سەردانی داواکاریی گشتیی ئەنقەرەیان کرد و سکاڵایان لەسەر ئەو هێرشە رەگەزپەرستانەیە تۆمارکرد کە لە یاریگاکانی (بورساسپۆر، ئەنقەرە گوجوو، سامسونسپۆر، گۆزتەپە و ڕیزەسپۆر) دژی لەیلا زانا ئەنجام دراون.
لە سکاڵانامەکەدا، دەم پارتی داوای سزادانی هاندەران، بەڕێوەبەرانی یانەکان، ناوبژیوانان و تەنانەت نوێنەرانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) دەکات، بەهۆی بێدەنگبوونیان لە ئاست ئەو سوکایەتییانە.
لە بەشێکی سکاڵاکەدا هاتووە، "لەیلا زانا هیچ پەیوەندییەکی بە وەرزش و تۆپی پێوە نییە، بەڵام تەنیا بەهۆی ناسنامەی کوردی و ژنبوونییەوە کراوەتە ئامانج، ئەم هێرشانە هەوڵێکی رێکخراون بۆ رەواکردنی توندوتیژی و نایەکسانی و تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە وڵاتدا."
دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەم دروشمانە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە ئاراستە دەکرێن، ئەو کارانە بە ئەنقەست رێکخراون بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی ئاشتی، بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشییان لێبکرێت."
بەشێکی دیکەی سکاڵاکە تایبەت کراوە بە ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر، کە تۆمەتبار کراوە بەوەی لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و بەکارهێنانی مارکەی "ئولوداغ گازۆز"ی تایبەت بە خواردنەوە گازییەکانەوە، کەمپەینێکی رەگەزپەرستانەی دژی گەلی کورد و کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد دەستپێکردووە و هانی هاندەرانی داوە بۆ بڵاوکردنەوەی گوتاری رق و کینە.
لە 16ی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان هەردوو یانەی بوڕساسپۆر و سۆماسپۆر، لەلایەن هاندەرانی بوڕساسپۆر بە دروشم و وشەی نەشیاو بێڕێزی بە لەیلا زانا کرا بوو، لەبەر ئەم هۆکارەش دەم پارتی سکاڵای تۆمارکرد.
PM:04:20:25/12/2025
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت