مەزڵوم عەبدی: لەگەڵ حکومەتی سوریا گەیشتینە لێکتێگەیشتن


وێستگەنیوز-

فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایدەگەیەنێت، لەگەڵ دیمەشق گەیشتوون بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە دەسەڵات لە سووریا لامەرکەزی بێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی کانونی یەکەمی 2025، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"، بەشداری لە کۆبوونەی شاندی راوێژکاریی بۆ پشتیوانی لە لیژنەی دانوستان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەبارەی ڕێککەوتنی 10ـی ئازار لەگەڵ دیمەشق کرد و رایگەیاند، "لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ سوریا، گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش".

ئاماژەی بەوەکرد، "چارەسەر بۆ سوریا، بوونی دەسەڵاتێکی لامەرکەزییە، هەروەها چارەسەرەکانی پەیوەست بە دەستووری نوێی سوریا، پێویستی بە کات و گفتوگۆی قوڵ هەیە، بۆ ئەوەی بێتە مایەی چارەسەری کێشەکان".

مەزڵوم عەبدی وتی، "ئێمە دەمانەوێت، خەڵکی هەر ناوچەیەک لە چوارچیوەی دەستووردا ناوچەکانیان بەڕێوەببەن".

وتیشی، "لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ دیمەشق، بەرەوپێشچوون لەبارەى بۆچوونی هاوبەش لەبارەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان هاتووەتە ئاراوە".

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختی لەوەشکردەوە، "سەرچاوە سروشتییەکان، موڵکی هەموو سورییەکانە".

عەبدی راشیگەیاند. "لەسەر پرسە سەرەکییەکان لێکنزیکبوونەوە لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا هەیە و بەهیواین لە ماوەی داهاتوودا لەبارەی سەرجەم رێککەوتنەکان بگەینە ئەنجام".

ڕۆژی 10ی ئاداری ئەمساڵ لە شاری دیمەشق، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد، بەپێی رێککەوتنەکە بێت دەبێت تاوەکو پێش 3ـی ئەم مانگە خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێن.


PM:02:57:25/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو