لقی 11ی پارتی: مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی وەک میوان لای ئێمە حزوری هەبووە، نەک هەڵوێستی سیاسی
وێستگەنیوز-
راگەیاندنی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بانگهێشتکردنی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی بۆ ئاهەنگێکی حزبەکەیان روونکردنەوە دەدات.
لە راگەیەندراوەکەی راگەیاندنی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووە، "دوانیوەڕۆی رۆژی 23ی ئەم مانگە ئاهەنگێمان بۆ کادر و جەماوەری پارتیمان لە سنووری راپەڕین رێکخست، بە بۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردن بە هێمنی و سەرخستنی لیستی پارتیمان، تیپێکی رۆژهەڵات کە بەشداری لایەنی میوزکیان کرد، بە هۆی ئاشنایەتی داوای بانگهێشتی مامۆستا ئەنوەر قەرەداغیان کرد".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئێمە گوتمان ڕەنگە ئارەزووی بەشداری بۆنەی حزبی نەبێت، بەڵام دوای گفتوگۆ و داکۆکی تیپەکە، رۆژی پێش ئاهەنگ بەرپرسی لق بەتەلەفۆن دوای پێدانی زانیاری ئاهەنگەکە بە مامۆستا ئەنوەری راگەیاند بوو کە خۆشحاڵ دەبین بە بەشداری بەڕێزیان، بەڵام چون ئاهەنگەکە پەیوەستە بە جەماوەری پارتی نامانەوێ بەڕێزیان توشی هەر جۆر ئحراجیەک بکەین، وەڵامی بەڕێزیان ئەوە بوو کە من موڵکی هەموو کوردم، بۆیە ئامادە دەبم. بەڕێزەوە لە بارەگای لقی11 پێشوازیمان کرد و نان و نمەکێکی پێشمەرگانەمان پێکەوە کرد و دواتر لە ناو ئاپۆرای جەماوەر کە زۆربەیان بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە و کەسایەتی بوون، خەڵاتێکی ڕێزلێنانمان بە توازعەوە پێشکەش کرد".
لقی 11ی پارتی دەڵێت، "بۆ ئاگاداری هەموو لایەک روونکردنەوەکەی مامۆستا ئەنوەر بۆ ئێمە موفاجەئە نەبوو، چونکە نیو کاتژمێر پێش بڵاوکردنەوەی روونکردنەوەیکەیان، قسەی لەگەڵ هەڤاڵ کرمانج بەرپرسی لق کرد بوو، بۆیەلە دۆخی کەسایەتی ناوبراو دەگەین، مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی بەو خزمەتە زۆرەی بە هونەری کوردی کردووە ئێستاش گەورەیی لای ئێمە لە لوتکە دایە، بەڕێزیان وەک میوان لای ئێمە حزوریان هەبوو، نەک هەڵوێستی سیاسی، دووپاتی دەکەینەوە شانازی دەکەین کە بتوانین ڕێز لە هەموو مامۆستا ئەنوەرەکان بگرین کە بۆ کورد و کوردستان بنیاتێکی خزمەتیان لە خەباتی ئەو گەلە پێکەوە ناوە، جا لە هەر کوێ و هەر ڕەنگێکی سیاسیدا بن".
پێشتر ئەنوەر قەرەداغی، هونەرمەند لە روونکردنەوەیەکدا نووسیویبووی، "چەند رۆژێک لەمەوبەر پەیوەندییان بە بەندەوەکرا کە تیپی میوزیکی سنە لە ئیدارەی راپەرین ئاهەنگێکی جەماوەری ئەنجام دەدەن و پێمان خۆشە بەشداری لەئاهەنگەکەدا بکەیت، منیش وەک هەمیشە کە پەیوەندیێکی باشم لەگەڵ ئەو تیپەدا هەیە و لە هەموو چالاکییە هونەرییەکانیان لە باشووری کوردستان بەشداریم کردووە و کەسەردانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەم ئەوان بەپیرمەوە دێن، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە رویشتم بۆ بینینیان و بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەدا".
ئاماژەی بەوەکردبوو، "کاتێ گەیشتمە شوێنی ئاهەنگەکە، حەپەسام کە بینیم ئاهەنگێکی سیاسی و حزبییە و بۆ تەمەن و پێگەم جوان نەبوو ئاهەنگەکە بەجێ بێڵم بۆیە وتم بەمنتان نەوتووە کە ئاهەنگەکە حزبی یە . لەوەش ناخۆشتر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان بووە . بۆیە سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو پێشوازی و رێزەی لەلایەن رێکخەرانی ئاهەنگەکەوە لەمنیان گرتووە ، بەڵام بەراستی نەدەبوو بەو شێوازە مامەڵەم لەگەڵدا بکەن و لەژێر پەردەی چالاکییەکی هونەرییەوە بمخەنە ناو داوی چالاکیێکی حزبی و بابەتەکە بە سیاسی بکەن".
AM:09:29:25/12/2025
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت