دەزگای میدیایی بوار: مۆبایلەکەی وریا عەبدولخالق لەسەر هێڵ بووە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بیانووانەیە کە بەهۆیەوە دادگا مۆبایلەکەی نەداوەتەوە
وێستگەنیوز-
دەزگای میدیایی بوار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق بە پلان پێشوەختە بووە"، ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە کەمێک پێش ئێستا مۆبایلەکەی وریا لەسەر هێڵ بووە".
ئەمشەو چوارشەممە 24ی کانونی یەکەمی 2025، دەزگای میدیایی بوار لەبارەی دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق، پەیامنێری دەزگاکەیان رایگەیاند، "وریا عەبدولخالق، دڵسۆزانە کارەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە، بەڵام ئەمڕۆ بە پلانێکی پێش وەختە بانگهێشتی دادگای سلێمانی کراوەو وا بانگهێشتکراوە. لە دادگاکە لە بری دەستخۆشی بۆ کارەکانی، هەوڵدراوە وتەکانی بکرێتە پاکانە بۆ وەبەرهێنەرێک و واژووی هەندێک بەڵگەنامەی پێ بکەن، بەڵام خۆشبەختانە واژووی لەسەر هیچ کام لەو نوسراوانە نەکردووە. پاشان دادوەر بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادی کردووە".
ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئازادکردنی وریا عەبدولخالق، مۆبایلەکەی پێ نەدراوەتەوە، بە بیانوی ئەوەی ئەو فەرمانبەرەی بەرپرسە لە پاراستی ئەو کەل و پەلانە چووەتە دەرەوەی شار و کلیلی ئەو شوێنەش تەنیا لای ئەو فەرمانبەرەیە، بەڵام کەمێک پێش ئێستا لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا هاتووەتە سەر هێڵ، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بیانووانەیە کە بەهۆیەوە مۆبایلەکەی نەدرایەوە دەستی وریا عەبدولخالق".
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای میدیایی بوار:
دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق بە پلان پێشوەختە بووە
دوای دروستبوونی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەیاندنی زەرەر و زیانێکی زۆر بە هاوڵاتیانی ئەو شارە، رۆژنامەنوسی بە توانای دەزگاکەمان وریا عەبدولخالق، دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی ئەم لافاوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هاوڵاتیانی ناوچەکە توشی زیان نەبن.
بە شاهێدی سەرجەم ئەو تیمانەی کە سەردانی چەمچەماڵیان کردووە کە بریتی بوون لە تیمی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمی چەند ڕێکخراوێک و چەند لیژنەیەک لە پەرلەمانتاران و ئەو لیژنانەی ڕاسپێردراوبوون بۆ لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەکانی وریا عەبدولخالق زۆر بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە دەست نیشانی کەم و کوڕییەکانی کردووەو ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕۆژنامەنوسە لێهاتووەی بوار بووە بنەما بۆ ڕاپۆرتەکانی دیکەی پەیوەست بەم ڕووداوە.
لەسەر ئەم بنەمایە و بە تەکلیفی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، وریا عەبدلخالق کرایە ئەندامی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و مرۆیی چەمچەماڵ و پاشان وەک وتەبێژی کۆمسیۆنەکە دەست بەکاربوو.
وریا عەبدولخالق، دڵسۆزانە کارەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە، بەڵام ئەمڕۆ بە پلانێکی پێش وەختە بانگهێشتی دادگای سلێمانی کراوەو وا بانگهێشتکراوە. لە دادگاکە لە بری دەستخۆشی بۆ کارەکانی، هەوڵدراوە وتەکانی بکرێتە پاکانە بۆ وەبەرهێنەرێک و واژووی هەندێک بەڵگەنامەی پێ بکەن، بەڵام خۆشبەختانە واژووی لەسەر هیچ کام لەو نوسراوانە نەکردووە. پاشان دادوەر بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادی کردووە.
دوای ئازادکردنی وریا عەبدولخالق، مۆبایلەکەی پێ نەدراوەتەوە، بە بیانوی ئەوەی ئەو فەرمانبەرەی بەرپرسە لە پاراستی ئەو کەل و پەلانە چووەتە دەرەوەی شار و کلیلی ئەو شوێنەش تەنیا لای ئەو فەرمانبەرەیە.
بەڵام کەمێک پێش ئێستا لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا هاتووەتە سەر هێڵ، ئەمەش پێچەوانەی ئەو بیانووانەیە کە بەهۆیەوە مۆبایلەکەی نەدرایەوە دەستی وریا عەبدولخالق.
ئێمە وەک دەزگای میدیایی بوار، گومانمان لەو مامەڵەیە هەیەو پێمان وایە دەستێک دەیەوێت ئەو کەیسە بەلاڕێدا ببات. بۆیە وریا عەبدلوخالق بەرپرسیار نییە لە هەر شتێک کە لە ڕێی ئەو مۆبایلەوە ئەنجام بدرێت.
PM:10:49:24/12/2025
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت