کارەبای سلێمانی: خواست لەسەر كارەبا بەڕێژەی 42% كەمیكردووە
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، خواست لەسەر كارەبا بەڕێژەی 42% كەمیكردووە، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا هاوڵاتییان زۆر هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانونی یەکەمی 2025 لە ڕاگەیەندراوێکدا راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی، لەماوەی ساڵێكدا لە دوای جێبەجێكردنی (پرۆژەی ڕووناكی) خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بە رێژەی 42% كەمیكردووە".
لای خۆیەوە ئەندازیار غالب محەمەد، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵ و گەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، "لە مانگی 12ی ساڵی 2024، خواست لهسهر بەكارهێنانی كارەبا بەتێكڕایی 1912 مێگاوات بووە و لە مانگەكەدا بەتێكڕایی 8:31 كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتییان دراوە".
ڕاشیگەیاند" ئەمساڵ دوای جێبەجێكردنی پرۆژەی رووناكی لە مانگی 12 خواست لەسەر بەكارهێنانی كارهبا بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە بۆ 1107 مێگاوات، بەوەش خواست لەسەر كارەبا بەرێژەی 42% كەمیكردووە، جگە لەو شوێنانەی لەچوارچێوەی پرۆژەی رووناكی نەبوون بە بەردهوام لەم مانگەدا بەتێكڕایی 14 كاتژمێر كارەبایان هەبووە".
سەبارەت بە هۆكاری كەمبوونەوەی خواست بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی وتی، "ئێستا هاوڵاتییان زۆر هۆشیارانە و بەرپرسیارانەتر كارەبا بەكاردەهێنن بۆیە خواست كەمیكردووە، هەروەها كە كارەبا بەردەوام بێت، سیستم و تۆڕی كارەبا سەقامگیرتر دەبێت و خواست كەم دەبێتەوە".
PM:10:34:24/12/2025
ئهم بابهته 80
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت