بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح لە کریستیانەکان پیرۆز دەکەن


وێستگەنیوز-

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کریستیانەکان دەکەن.


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە کریستیانەکان کرد و رایگەیاند، "لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر قووڵترکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و برایەتی نێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان دەکەمەوە، ئومێدی ئەوە دەخوازم خوشک و برا کریستیانەکانمان هەردەم جەژن و بۆنە و خۆشییەکانیان لە ئارامی و ئاشتیدا بکەنەوە، هیوادارم ئەو بۆنەیە سەرەتای کۆتاییهاتنی ناخۆشی، نەهامەتی و ئازاری مرۆڤایەتی بێت لە هەموو جیهان و ئاشتی و پێکەوەهەڵکردن شوێنی بگرێتەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "با جەژنی کریسمس، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا، ئێمە هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەش و هاوچارەنووسین؛ پێکەوە لە ڕۆژە سەختەکاندا قوربانیمان داوە و پێکەوەش بە تەبایی و یەکڕیزی کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ نەوەکانمان دەکەین. با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکات و دەڵێت، "لەم بۆنەیەدا، پابەندبوونی نەگۆڕمان بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیيانە و برایەتی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی کریسمس و نزیکبوونەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، پیرۆزباییەکی گەرم لە هاونیشتمانییانی مەسیحی دەکەم، هیوای ساڵێکی پڕ لە ئارامی، تەبایی و پەرەسەندن بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی دەخوازم، یادی لەدایکبوونی مەسیح، یادی ئاشتی و خۆشەویستییە، با هەموو لایەکمان پێکەوە ئەو بەهایانە بپارێزین".

هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە کریستیانەکان کرد و وتی، "یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت پارێزەر و داکۆکیکاری سەرسەختی کریستیانەکان بێت تاوەکو لە سەرجەم دامەزراوەکانی وڵاتەکەماندا مافەکانیان پارێزراوبێت و نوێنەرایەتیی راستەقینەی خۆیان بکەن".


PM:07:36:24/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو