فراکسیۆنی یەکێتيی: دەستگیرۆیی لێقەوماوانی چەمچەماڵ سەلماندی گیانی بەهاناوەچوون لەنێو گەلەکەماندا لە ئاستێکی بەرزدایە
وێستگەنیوز-
فراکسیۆنی یەکێتيی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆمەک و هاوکاریی و دەستگیرۆیی خەڵکانی زیانمەند و لێقەوماوانی چەمچەماڵ سەلماندی هێشتا لەنێو گەلەکەماندا گیانی هاریکاریی و بەهاناوەچوون لە ئاستێکی بەرزدایە.
فراکسیۆنی یەکێتيی نیشتیمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "دوا بەدوای ئەو لافاو و کارەساتە سروشتییەی رۆژی سێشەممە 9/12/2025 رووی لە چەمچەماڵ و گەرمیان و بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی کرد، جارێکی تر پرسە و سەرەخۆشی ئەندامانی فراکسیۆن بۆ کەسوکاری ئەو هاونیشتیمانیانە دوپات دەکەینەوە کە بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتیەوە گیانیان سپارد، هیوای زووچاکبوونەوەش دەخوازین بۆ برینداران و ئەوانەی بەهۆی لافاوەکەوە تەندروستییان تێکچووبوو".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "هەر لە ساتەکانی سەرەتاوە قوباد تاڵەبانی وەکو جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر خەت بوو، رۆژی دوای روداوەکەش گەیشتە چەمچەماڵ، کە قوڵایی لافاوەکە ئەوێی گرتەوە، پاشان "کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوە"ی بە سەرپەرشتی عەتا محەمەد لێپرسراوی نوسینگەی خۆیان راگەیاند".
ئاماژەشیانكرد، "لێرەوە رایدەگەیەنین، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئیدارەی گشتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بە تایبەتی و تەواوی حیزب و لایەنە سیاسیی و رێکخراوە مرۆیی و خێرخوازییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و گروپی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و کەسایەتی و خۆبەخشەکان و و سەرجەم چینوتوێژەکان دەکەین لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێم و پارچەکانی دیکەی کوردستان، کە کۆمەک و هاوکاریی و دەستگیرۆیی خەڵکانی زیانمەند و لێقەوماویان کرد".
فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتیكردەوە، "ئەم کارەتان سەلماندی هێشتا لەنێو گەلەکەماندا گیانی هاریکاریی و بەهاناوەچوون لە ئاستێکی بەرزدایە".
وتيشيان، "سوپاس و پێزانینمان بۆ سەرجەم پێشمەرگە و تەواوی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان و مامۆستایان کە لە رزگارکردنی خوێندکاران و هاونیشتیمانییاندا رۆڵی بەرزیان هەبوو، هەروەک رۆژانی دواتریش بە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری و پاراستنی ئەمنیەتی هاونیشتیمانیان دەوری باڵایان گێڕا".
روونیانكردەوە، "ئێمەش لە پەرلەمانی کوردستان وێڕای ئەوەی لە ساتەوەختی کارەساتەکەوە هاوخەم و پشتیوانی هاونیشتمانیان و دەستباری تیمەکانی فریاگوزاری بووین، سوپاس و پێزانین و پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمیسیۆنەکە و چەمچەماڵ و سەرجەم ناوچە کارەستبارەکان دوپات دەکەینەوە".
فڕاكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت، "لێرەدا بە دەرفەتی دەزانین بڵێین لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێدا پێویستە یاسای بودجە بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان،چونکە ئەگەر یاسای بودجە هەبووایە ئەوا قەرەبووکردنەوەی کەسانی زیانمەند ئاسانتر و سادەتر دەبوو، بەڕێکاری یاسایی گشت لایەک هاوکاریی و پاڵپشتیی دارایی دەکران، ئەو کاتە پێویستی بەو کەمپەین و خستنەگەری ڕاگەیاندن و بانگەوازیی هاریکاریی نە دەبوو".
باسیان لەوەشكرد، "بەڵام لایەن و خەڵکانی دڵسۆز بێ ئەوەی گوێ بدەنە کەموکورتییەکان، بە دەنگ بانگەوازی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە هاتن، دەستی هاریکارییان بۆ لێقەومان درێژکرد بێ ئەوەی بپرسن لە رەنگ و دەنگی جیاواز ".
AM:11:05:24/12/2025
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت