بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێم: ساڵی داهاتوو هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل قەدەغە دەکرێت
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماری کار و چالاکییەکانی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی کانونی یەکەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە ئەمساڵدا تائێستا حەوت بەشەخۆراک دابەشکراوە، بەشی هەشتەمیش بەمنزیکانە دابەشدەکرێت".
لەبارەی دابەشکردنی بەشە ئاردەوە ئاماژەی بەوەدا، "ساڵانە 10 بەش ئارد دابەشدەکرێت، ئیشتاش بۆ ئەمساڵ 10 بەشە ئارد بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکرێت".
نەوزاد شێخ کامیل باسی لە گەنم جوتیاران کرد و وتی، "ئەمساڵ 386 هەزار تۆن گەنمان لە جوتیاران وەرگرتووە، بڕی پارەکەی زیاتر لە 300 ملیار دینارە تائێستا زیاتر لە 112 ملیار دیناریمان بۆ هاتووە و زیاتر لە 190 ملیار دینار لای حکومەتی عێراقی ماوەتەوە".
وتیشی، "سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانمان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم ئەمساڵ نزیکەی 45 هەزار 392 سەردان بۆ شوێنە بازرگانی و گەشتیارییەکان کراوە، هەزار 854 سەرپێچی هەبووە و 247 شوین داخراوە و زیاتر لە 513 ملیۆن و 131 هەزار و 730 فلس سزای دارایی هەبووە، هەروەها زیاتر لە 750 تۆن و 131 کیلۆ مادەی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و لەناوبراون".
نەوزاد شێخ کامیل باسی لەوەشکرد، "ئەمساڵ 2955 مۆڵەتی بازرگانی دراوە بۆ هێنانی کاڵای جۆراوجۆر و زیاتر لە 115 مۆڵەتیش بۆ ناردنی کاڵاکان بۆ دەرەوە دراوە، هەروەها نزیکەی 922 مۆڵەت بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل دراوە و زیاتر لە 183 هەزار ئۆتۆمبێل هاتووەتە هەرێمی کوردستان".
راشیگەیاند، "ئەمساڵ 18 مۆڵەت دراوە بۆ هێنانی ماتۆڕسکیل، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو بڕیاردراوە کە هێنانی ماتۆڕ قەدەغە بکرێت تەنها رێگە بەو کۆمپانیانە دەدرێت کە کاری گەیاندن دەکەن ماتۆڕ بهێنن ئەویش بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم".
AM:10:31:23/12/2025
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت