فارس عیسا: شاندی پارتی دەچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان دەست بە گفتوگۆ دەکات


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی رایدەگەیەنێت، رۆژی سێشەممە شاندەکەیان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان دەست بە گفتوگۆ دەکات بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.


ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانونی یەکەمی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بکات و دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان (شیعە و سوننە) بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق".

لە دواین کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، شاندێکی دانوستانکار بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکهێنرا.

شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییە و پێکهاتووە لە هەریەکە لە فوئاد حسێن و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.

بڕیارە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە، یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و تێیدا پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستبەکار دەبن.


PM:12:47:22/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت