کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: بە باشی نازانین گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی کانونی یەکەمی 2025، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، کۆبوونەوەیەکی فراوان و گشتگیری بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی هەرێم و عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئەنجام دا.


لە راگەیەندراوێکدا کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایگەیاند، "پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین، پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە".

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی:

بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان بە ئامادەبوونی هەڤاڵان جێگرانی سەرۆک و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا.

کۆبوونەوە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەستی پێکرد، دواتر چەند پرس و تەوەرێکی گرنگ و هەنووکەیی خرانە بەرباس و گفتوگۆ و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.

تەوەری یەکەم: پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد، جێگای داخی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت و کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت. پارتیمان هەر دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگای شاندێکی تایبەتەوە سەردانی حزب و لایەنەکانی کوردستانی کرد و دەرگای گفتوگۆی کردەوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد کە ڕێز لە بژاردەکەیان گیرا. هاوکات گفتوگۆی نێوان پارتیمان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامبوو و زۆر هەوڵماندا ڕێککەوتنمان نەگاتە کاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە یەکێتی نیشتمانی بەهۆی لێکدانەوە و پێشبینی پێشوەختەی هەڵەیان بۆ دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆکانیان بە بێ پاساو درێژ کردەوە تا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەرچەند لەو بارەوە ئاگادار کرابوونەوە کە هەلومەرجی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن هەمان زەمینە و هەلومەرج نابن، بەڵام یەکێتی نیشتمانی بڕیاری خۆی دابوو. ئێستاش دەرگای گفتوگۆمان بۆ ڕێککەوتن بەگوێرەی ئەنجامەکان و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەیە و دەبێت ڕێز لە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستان بگیرێت. پارتیمان بە باشی نازانێت گفتوگۆی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ تێکەڵاو بکرێت، پێویستە پرسی هەرێم چارەسەر بکەین پاشان هەنگاوی پێویست و هاوبەش بنێین بۆ بەغدا، لەم بارەشەوە شاندی پارتیمان دەستبەکار بووە.

تەوەری دووەم: بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کە لە ٢٠٢٥/۱۱/۱۱ ئەنجامدرا و پارتیمان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و دەنگ و متمانەی زیاتر لە یەک ملیۆن و سەد هەزار دەنگدەری کوردستان و عێراقی مسۆگەر کرد و ژمارەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و عێراقی بەدەستهێنا، ئەوەش بەرهەمی ڕەنجی خەبات و خوێنی شەهیدان و لێزانی و کارامەیی و ماندووبوونی بەرپرس و کادیر و ئەندامان و جەماوەری پارتیمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە و ئاکامی متمانەی خەڵکی بەوەفای هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەرۆک و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی پارتیمانە. بۆیە کۆبوونەوە سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی حزبی و حکومی و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامان و کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان و جەماوەری دڵسۆز و بەوەفا و لیژنە و میحوەر و تیم و بازنەکانی هەڵبژاردن و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و تەواوی ئۆرگانەکانی کرد بۆ ئەو خۆماندووکردن و خۆبەخاوەن زانینەی کە بۆ سەرخستنی پارتیمان هەتیان بوو. هەروەها سوپاسی دامودەزگا ئەمنییەکانی کرد بۆ ڕەخساندنی کەشێکی هێمن و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و پیرۆزباییشی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان و هەروەها دەستخۆشی لە تەواوی کاندیدەکانی پارتیمان کرد کە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەوە هەوڵی سەرخستنی لیستی (٢٧٥)ی پارتەکەیان دا. هەروەها کۆبوونەوە وێڕای هیوای سەرکەوتن داوای لە کاندیدە دەرچووەکان کرد دڵسۆزانە نوێنەرایەتی ئیش و ئازار و داواکاریی و خواستەکانی هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق بکەن و هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و داڕشتنی یاسای گونجاو بۆ خزمەتی گەلانی عێراق و پڕۆسەی حوکمڕانییەکی باش لە وڵات و ببنە چاوی هەمووان بەسەر کار و چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوەکانەوە.

تەوەری سێیەم: کۆبوونەوە بە شایستەی خەڵکی کوردستانی دەزانی یەکدەنگ و یەکڕیز وەکو نەتەوەی کورد لە بەغدا گفتوگۆ بکرێت نەک وەکو پارتی سیاسی، کورد و کوردستانییان لەگەڵ برایانی شیعە و سوننە شەریکی ڕاستەقینەی حوکمڕانی عێراق بن بە لەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادی سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە هەروەک پێشتر کە لەسەر سێ بنەما دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرایەوە ئەوانیش: هاوبەشی، هاوسەنگی (سازان) بوون و ئەو سێ چەمکە بوونە ڕۆحی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ. ئێستاش پتەوکردنی ئەو سێ بنەمایە بۆ باش بەڕێوەبردن و پڕۆسەی حوکمڕانی وڵات پێویستن. ئەو کارانەی کە دەبوو ئەنجامدرابان بەڵام لەبەر هەر پاساو و هۆکارێک بێت ئەنجام نەدراون وەک: جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، دادگای فیدراڵی بەگوێرەی کە لە دەستووردا هاتووە، یاسای نەوت و گاز ئەنجامبدرێن، هەروەها هەوڵی جدی بدریت یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نادادپەروەری تێدایە بگۆڕدرێت و چارەسەری بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکرێت کە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا بگونجێت. هەروەها کۆمەڵێک گرفت و بابەتی دیکە کە ماوەیەکی زۆرە بە چارەسەرنەکراوی و هەڵواسراوی ماونەتەوە چارەسەر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی باڵای پارتیمان دەستنیشانکراوە.

تەوەری چوارەم: دۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی تاووتوێکران، لەو کێشە و ئاڵۆزییانەی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان هەەیە. ئەو گۆڕانکارییەی لە تورکیا هاتووەتە ئارا سەبارەت بە چارەسەری دۆزی کورد و پڕۆسەی ئاشتی جێگای ئومێد و دڵخۆشییە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆی بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە و پەیوەندیی وڵاتان. هەروەها گۆڕانکارییەکانی وڵاتی سوریا و تێڕوانینی وڵاتان بۆ سەقامگیری سوریا و چۆنیەتی دابینکردنی ئەو سەقامگیرییە کە بە خۆشحاڵییەوە زۆربەیان پەیوەستی دەکەن بە ئاستی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لەنێویشیاندا گەلی کورد. هیوادارین ئەو گۆڕانکارییانە بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو ببنە هۆکاری دابینکردنی ماف و ئازادییەکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکان و پێکەوە ژیانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە.

تەوەری پێنجەم: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان شڕۆڤەیەکی ڕوونی کاروچالاکی و گرفتەکانی سنوورەکانی خۆیان کرد و دواتر هەڤاڵان گفتوگۆی چەند پێشنیارێکیان کرد بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری شار و لادێکان. هەروەها ئۆرگانەکان ببنە ئەڵقەیەکی خێراتری گەیاندنی داواکاری و ڕاو پێداویستییەکانیان بۆ سەرکردایەتی تا لە ڕێگای سەرکردایەتیشەوە هەڤاڵانمان کە بەرپرسیاریەتییان لە حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە ڕۆڵی خۆیان ببینن لە چارەسەرکردنی گرفت و داخوازییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکان.

لە کۆتاییدا، کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی سەبارەت بەو بابەتانەی پێویستییان بە بڕیار بوو وەرگرت.

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ۱۸ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥


PM:07:33:18/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت