ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: شێوازی گفتوگۆکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم گۆڕانکارییان بەسەردا دێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی کانونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو.


لەبارەی کۆبوونەوەکەوە جوان رۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کران و دوو شاندی دانوستانکاری جیاواز بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری کران".

سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمجارە بەگوێرەی دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن، شێوازی گفتوگۆی شاندەکە بۆ پێکهێنانی حکومەت جیاوازتر دەبێت لەوەی پێش هەڵبژاردن".

باسی لەوەشکرد، "پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە، بەڵام مەرج نییە ئەو پۆستە تەنیا بۆ پارتی یان یەکێتی بێت، بۆیە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە بەر چ لایەنێکی کوردی دەکەوێت".

روونیشیکردەوە، "گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت و باس لە دابەشکردنی پۆستەکانیش دەکرێت".

جوان رۆژبەیانی وتی، "ئەگەر پێشتر پارتی سازشی لەسەر هەندێک پۆست کردبێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی، رەنگە ئەمجارە شێوازی گفتوگۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت".


PM:04:26:18/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت