چارەسەرکردنی پاشماوەی جەنگی لە سنوری سلێمانی


وێستگەنیوز-

لە سنوری پارێزگای سلێمانی تیمەكانی مین هەڵگرتنەوە چەندین پارچەی پاشماوەی جەنگیان چارەسەركرد.


دەزگای گشتی کاروباری مین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی، دوای ئەوەی لەلایەن یاریدەدەرێتیی ئاسایشی شارەدێی بەردەقارەمانەوە ئاگادار كرانەوە لە هەبوونی یەک گولە هاوەنی"60 ملم" و یەک گولەی ئاڕ بی جی سەردانی شوێنەکەیان کرد".

ئاماژەشیكرد، "پاشماوە جەنگییەکانیان گواستەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو کە بەهۆی لافاو و راماڵینی زەوییەوە دەرکەتبوون، بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ئایندەدا".

دەزگای گشتی کاروباری مین لە راگەیەندراوێكی تردا بڵاویكردەوە، "لەلایەن هاوڵاتیانی سنوری ناحیەی سیروان پەیوەندی کرا بە دەرکەوتنی مینێک لە جۆری VS-50، لە کەناری دەریاچەی دەربەندیخان".

روونیشكردەوە، "راستەوخۆ بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین/ هەڵەبجە، بڕیار‌یدا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/ هەڵەبجە سەردانی ئەو شوێنەیان کرد و کاری پێویستیان ئەنجام دا و مینەکەیان پوچەڵکردەوە و گواستیانەوە بۆ شوێنی تایبەت تا لە داهاتوودا لەناوببرێت".


PM:03:08:17/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت