سودانی: حكومەتی عێراق پابەندە بە پاڵپشتیكردنی مافی ئێزیدییەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان


وێستگەنیوز-

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق پابەندە بە گرنگیدان بە پێکهاتەی ئێزیدی و پاڵپشتیکردنی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی لە میری ئێزیدیان لە عێراق و جیهان حازم تەحسین بەگ کرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سودانى جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەهۆی هەمەجۆریی کۆمەڵگاکەی بەهێزە کە لەسەر بنەمای یەکڕیزی نیشتمانی و پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە دامەزراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتى عێراق پابەندە بە پاراستنی مافەکانی هەموو عێراقییەکان، بەگوێرەی دەستور و یاسا، کە یەکسانی و جیاکاری نەکردن و پاراستنی ناسنامەی کولتووری و ئایینی دەستەبەر دەکات".

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، "سودانی، پابەندبوونی حکومەتى دووپاتكردەوە بە گرنگیدان بە رۆڵەکانی پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە و پاڵپشتیکردنی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان لە رێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژە و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێدانی خاوەندارێتی موڵک و زەوی نیشتەجێبوون بە هاوڵاتیانی ئێزدی، کە رژێمی پێشوو بەهۆی سیاسەتە جیاکارییەکانییەوە رایگرتبوو".



AM:11:56:15/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت