سەنتەری میترۆ: پێشێلكردنی یاسا رۆژنامەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان پەرەی سەندووە


وێستگەنیوز-

سەنتەری میترۆ هۆشداری لە زیادبوونی پێشێلكردنی یاسا رۆژنامەوانییەكان دەدات لە هەرێمی كوردستان.


دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی كانونی یەكەمی 2025 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رێگەی نەدا تیمی كەناڵ8 كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی تایبەت بە وەزارەتەكە بگوازنەوە، سەنتەری میترۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەی سەنتەری میترۆدا هاتووە، "پەرەسەندنی ئەم پێشێلكارییانە لە هەرێمی كوردستاندا، كەلێنێكی قووڵی لە نێوان دەقە یاساییەكان و جێبەجێكردنیاندا ئاشكرا دەكەن.

ئاماژەشیكرد، "وەك یاسای رۆژنامەوانی ژمارە 35ی ساڵی 2007ی هەیە كە بڕیارە كاری رۆژنامەنووسان بپارێزێت، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری، كە مافی زانینی بۆ هەمووان بن، بەڵام جێبەجێ ناكرێن".

سەنتەری میترۆ باس لەوە دەكات، "ئەمانە ئەو پرسیارە زەقدەكاتەوە كە ئاخۆ ئەو یاساییانە بۆ جوانكاریی دەسڵاتی نیمچە ديموكراسییەكەمان دەرچوون، یان بۆ بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئازادییەكان و فراوانتركردنیان".

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ تیمی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی ئاڤا میدیایان بۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی نەکرد و سەنتەری میترۆش راگەیەندراوێكی لەسەر ئەو پێشێلكارییە بڵاوكردەوە.

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئەو کەناڵەی ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە نییە " شێرپەنجەی میدیای کوردستانن".


AM:11:31:15/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت