سەنتەری میترۆ: دەبێت میدیا جیاوازی بكات لە نێوان هاوپشتی لێقەماوان و بانگەشەی سیاسی و حزبی
وێستگهنیوز –
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ و كەلار و ناوچەكانی تری گەرمیان، بۆنەیەك نیین بۆ دەرخستنی رقی سیاسی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكان و دەبێت میدیا جیاوازی بكات لە نێوان هاوپشتی لێقەماوان و بانگەشەی سیاسی و حزبی.
سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "كاری میدیا لەكاتی كارەساساتی وەك لافاو، پێدانی زانیاریییە لەسەر گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای ناوچەكە، رێڕەوەكانی لافاوە و مەترسی سەرهەڵدانەوەی، هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی و ئاسانكاری پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دەزگای رەسمی و رێكخراوە خێرخوازەكان و دەستنیشانكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی زیان لێكەوتوو، نەك گوتاری سیاسی بێزاركەر و دووبارەی سەردەمی بانگەشەكانی هەڵبژادن".
سەنتەری میترۆ جەختدەكاتەوە، "بەكارهێنانی ئەم كارەساتە مرۆییە بۆ قازانجی حزبی یان ئەجیندای سیاسی، تەنیا پێشێلكردنی ئەخلاقی رۆژنامەوانی نییە، بەڵكو بێ بایەخكردنی ئازارەكانی خەڵكی لێقەوماوە كە قوڕولیتەی لافاوەكە ژیانی گەمارۆ داون و وەك لە راگەیەندراوەكەی میترۆدا هاتووە، شەرم بكەن".
داواشیكرد، "حكومەت بە بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی هەستێت، بە تایبەتیش كە پێشبینی شەپۆلی تری بارانی بەخوڕ دەكرێت، ئێستا كاتی خۆدیزنەوە و پاساو نییە، كاری موزایەداتی سیاسی نییە، كاتی كاری مەیدانی و هەماهەنگی كاریگەرە، بە تایبەتیش كارەساتەكە دەریخست توێژێكی پەراوێزخراوی بێ ماف چۆن ژیانیان بەسەر بردووە".
سەنتەری میترۆ، "بەرێزەوە دەڕوانێتە كەمپین و هەوڵی رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆ بەهاناوە چوونی لێقەماوان".
بەپێی راگەیەندراوەكە، "سەنتەری میترۆ چاودێری كارەكانی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی چەمچەماڵ دەكات، كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنترۆڵكردنی قەیران و قەرەبووكردنەوەی دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمییەكان، پێكهێناوە و داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەین وەك سەرچاوەی رەسمی هەماهەنگی لەگەڵ بكەن".
PM:07:48:12/12/2025
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت