عەتا محەمەد: لە رووداوی تەقەكردنەكەی چەمچەماڵ سێ‌ كەس بریندارە و یەكێكیان بارودۆخی خراپە


وێستگه‌نیوز –

لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران رایدەگەیەنێت، لە رووداوی تەقەكردنەكەی چەمچەماڵ سێ‌ بریندار هەیە و دەستمان كردووە بە لێكۆڵینەوە.

عەتا محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كاتێك رێكخراوی بارزانی كەلوپەلی دابەشكردووە بەسەر لێقەوماوانی چەمچەماڵ، چەند كەسێك هەر بەدەستی ئەقەست ویستوویانە كێشە دروست بكەن".

وتيشى، "تەقە لە سێ‌ ئاسایش كراوە و یەكێكیان بارودۆخی تەندروستی زۆر خراپە و تەقەكەرەكە پێشمەرگەیە لای عەبدوڵای كوێخا موبارەك و دیارە دروستكردنی كێشەكە بە پلان بووە".

عەتا محەمەد داوای لە لایەنەكانیش كرد ئەگەر ئەجێندایەکی سیاسیتان هەیە، بیخەنە دەرەوەی چەمچەماڵ.

باسی لەوەشكرد، "تائێستا 1700 سەبەتەی خۆرك 3100 بەتانی لەگەڵ 600 دۆشەك و 4 هەزار مەتر كومبار و 900 سۆپا و نەوت و ئاوی خواردنەوە و ژەمە خواردن و كەلوپەلی ناوماڵ بەسەر 600 ماڵدا دابەشكراوە سەرەڕای كاری پاكردنەوەی چەندین گەڕەك".

لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران دەشڵێت، "تیمەكانمان زەرەروزیانەكان بەوردی دەژمێرن و دواتر رایدەگەیەنین".


PM:04:43:12/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو