فوئاد حسێن: هەڵمەتی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی قبووڵنەکراوە و ئاست نزمە
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، شیعە و سوننە چوارچێوەیان بۆ گفتوگۆ هەیە، بەڵام کورد لەو چوارچێوەیە نییە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر سەرۆک کۆماری عێراق هەڵنەبژێردرێت، حکومەتی عێراق دروست نابێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "شیعە، سوننە و کورد لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، جێگەی داخە گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکان تەنیا لە میدیاوەیە، هەرچەندە شیعە و سوننە چوارچێوەیان بۆ گفتوگۆ هەیە، بەڵام کورد ئەو چوارچێوەیەی نییە".
لەبارەی دیاریکردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەدا، "ململانێیەکی گەورە لەنێو شیعەکان هەیە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆک وەزیران".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر سەرۆک کۆماری عێراق هەڵنەبژێردرێت، حکومەتی عێراق دروست نابێت، چونکە دەبێت سەرۆک کۆمار سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت، هەروەها ئەگەر لەسەر سەرۆککۆمار رێکنەکەوین دەگەڕێینەوە بۆ هاوکێشەی زۆرینە".
هەر لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان یەکێتی و پارتی وتی، "دوور نییە پارتی و یەکێتی بە دوو بەربژێری جیاواز بۆ سەرۆک کۆمار بچنە پەرلەمان، چونکە پارتی پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق".
فوئاد حسێن پێشی وایە، "باشترە پارتی و یەکێتی رێکبکەون، ئەگەرنا دەبێتە کێبڕکێیەکی تووند".
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوەشکردەوە، "پارتی دەتوانێت رۆڵێکی گەورە لە بەغدا ببینێت و شیعە و سوننە حیسابی بۆ دەکەن".
سەبارەت بە خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریش ناوبراو دەڵێت، "ناوم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەهێندرێت، بەڵام بڕیار لای مەسعود بارزانییە، بەڵام پێویستە بەم نزیکانە پارتی بڕیار لەسەر بەربژێری سەرۆک کۆمار بدات".
فوئاد حسێن لەبارەی گرنگی وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، "بۆ عێراق و کوردیش باشترە کورد لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بێت".
لە درێژەی گفتوگۆکەیدا فوئاد حسێن باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد و وتی، "بەپێی ژمارە پارتی دەتوانێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام جوگرافیا رێگە نادات".
وتیشی، "هەڵمەتی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی قبووڵنەکراوە و ئاست نزمە، ئەوەی ئێستا لە میدیاکانەوە بەرامبەر یەکدی دەکرێت، رەخنە نییە، بەڵکو شکاندنی ئێسکی یەکترە".
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان فوئاد حسێن دەڵێت، "ساڵێک تێپەڕی و پەرلەمانی کوردستان دانەنیشتووە، ئەمە زەنگی مەترسییە".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وت، "لەگەڵ ئەوە نین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە".
فوئاد حسێن دەربارەی رووداوەکانی ئەم دواییەی سنووری خەبات قسەی کرد و رایگەیاند، "گرووپی سەید شوهەدا ئاگاداریان کردووینەتەوە پەیوەندییان بە رووداوەکانی خەباتەوە نییە".
لەبارەی بڵاوبوونەوەی ناوی حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی بە فەرمی لە رۆژنامەی وەقائیع-ی عێراق فوئاد حسێن وتی، "لیستی تیرۆر هی عێراق نەبوو، لە مالیزیاوە هاتبوو و بە هەڵە لە وەقائیع بڵاوکرایەوە".
PM:12:59:09/12/2025
ئهم بابهته 664
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت