قوباد تاڵه‌بانی‌ له‌ به‌غدا: زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بڕه‌خسێنن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز و كارا


وێستگه‌نیوز – 
سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ باڵای‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ئه‌ساسی عێراقی رایگه‌یاند كه‌ "یه‌كێتی پشتیوانی حكومه‌تێك ده‌كات كه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدای هه‌بێت.

ئه‌مشه‌و دووشه‌ممه‌ 2025/12/8 وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی له‌ كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ موحسین مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ئه‌ساسی عێراقی كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند كه‌ "به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ركه‌وتووانه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ به‌هێزكردنی پایه‌كانی دیموكراسی له‌ وڵاتدا، قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنیش ئه‌ركی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان قورستر ده‌كات كه‌ به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و خواستی هاوڵاتییان زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بڕه‌خسێنن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێز و كارا كه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی هه‌مووان بێت".

قوباد تاڵه‌بانی دید و تێڕوانینی یه‌كێتی خسته‌ڕوو كه‌ پشتیوانی پێكهێنانی حكومه‌تێك ده‌كات كه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدای هه‌بێت به‌تایبه‌تیش كێشه‌ی بودجه‌ و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان.


PM:09:46:08/12/2025














ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو