پارتی‌ و یه‌كێتی‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر راگرتنی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ راگه‌یاندن دژی‌ یه‌ك


وێستگه‌نیوز - 
وه‌كو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوولا، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن دژی یه‌ك رێككه‌وتوون.
 
له‌تیف نێروه‌یی، لێپرسراوی بۆردی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رووداو وتی‌: "حیزب (یه‌كێتی) رێنمایی ده‌ركردووه‌ بۆ راگرتنی هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن و هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بۆ زه‌مینه‌سازی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوولا له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و وه‌رگرتنی پشكی كورد".

وتیشی: "هه‌رچه‌ند لایه‌نی به‌رامبه‌ر (پارتی) دوێنێ وه‌كو پێویست پابه‌ند نه‌بوو، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ دوێنێوه‌ به‌شێوازێكی كرده‌یی پابه‌ند بووین".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی به‌رگریمان داوه‌ و له‌ زۆر قۆناخیش به‌ رێنمایی حیزب بێده‌نگ بووین، به‌ڵام هه‌ندێجار به‌رامبه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌رۆك و حیزبه‌كه‌مان به‌رگریمان كردووه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ سالار عوسمان به‌رپرسی به‌شی رۆشنبیری و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ هاوكات ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشه‌، رایگه‌یاند كه‌ "ئێمه‌ وه‌كو پارتی هیچ هه‌ڵمه‌تێكمان دژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست بووه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی رووداو و پێشهاتی جیاوازدا".

چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ رۆژانی داهاتوودا هه‌ردوو شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆببنه‌وه‌.

زیاتر له‌ 13 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا تێپه‌ڕبووه‌ و تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت. 
 
پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌كو دوو لایه‌نی سه‌ره‌كیی كه‌ زۆرترین كورسییان بردووه‌ته‌وه‌ و له‌ كابینه‌كانی رابردووشدا هاوبه‌ش بوون، تاوه‌كو ئێستا رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م.


PM:07:14:08/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو