قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كێتی، پابه‌ندبوون به ده‌ستوور به ته‌نها رێگه‌چاره بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌زانێت
وێستگه‌نیوز –
قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق رایگه‌یاند كه نابێت چیتر بودجه وه‌ك مافێكی ده‌ستووری خه‌ڵكی كوردستان بخرێته چوارچێوه‌ی ناكۆكی و ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه قوباد تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتی سه‌ردانی به‌غدای كرد و له یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه سه‌رله‌ئێواره‌به‌ڕێوه‌چوو، باس له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون، به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ركه‌وتووانه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی دیموكراسییه بۆ هه‌موو گه‌لی عێراق و هیوایان خواست به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن حكومه‌تێك پێكبهێنرێت كه له ئاستی چاوه‌ڕوانی و ره‌زامه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقدا بێت.
قوباد تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایه به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌كانی عێراق و له‌ناویشیاندا كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ستوور چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، هه‌ربۆیه یه‌كێتی، پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنی هه‌موو ماده‌كانی ده‌ستوور به ته‌نها رێگه‌چاره بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و عێراقێكی سه‌قامگیرتر و گه‌شه‌سه‌ندوو ده‌زانێت".
سه‌رۆكی وه‌فدی یه‌كێتی له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی كرده‌وه كه "یه‌كێتی پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وله‌وییه‌تی یه‌كه‌می هه‌ردوو حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم و به‌غدا ده‌بێت چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان بێت، به تایبه‌تیش كێشه‌ی بودجه و نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك چیتر بودجه وه‌ك مافێكی ده‌ستووری خه‌ڵكی كوردستان بخرێته چوارچێوه‌ی ناكۆكی و ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه".
PM:08:29:07/12/2025
ئه‌م بابه‌ته 440
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت