مەسعود بارزانی: پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و بەهێزبوونی برایەتی و پێکەوەژیان بکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 6ی کانونی یەکەمی 2025، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستانبوڵ، پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان خوێندەوە.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەموو ئاماژەکان دیاریکەری دەستپێکێکی نوێن، کە دەکرێت پڕ بێت لە ئاستەنگ، یان پڕ بێت لە هەلی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و بەڕوومەت و ئاشتییانە بۆ گەلانی دەڤەرەکە".
ئاماژەی بەوەکردووە، "پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمانی رابردوو وەربگرن و بە هەناسەیەکی نوێ و تێڕوانینێکی ڕوون و پڕ لە باوەڕ و هیواوە، رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن، هەروەها هەردەم دیالۆگ و لێکگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت".
مەسعود بارزانی دەڵێت، "دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا و ئەردۆغان و ئۆجەلان و هەموو ئەوانە دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و دانوستاندن رەخساند".
دەشڵێت، "پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و بەهێزبوونی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات".
PM:12:12:06/12/2025
ئهم بابهته 152
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت