دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە


وێستگەنیوز-

میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئارادایە و لەم چوارچێوەیەشدا دیداری نافەرمی لەنێوان بەرپرسانی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دراوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانونی یەکەمی 2025، میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، دەستپێشخەرییەک لە ئاستی باڵا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

میدیای یەکێتی دەڵێت، رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بووە وێستگەیەک بۆ ئەوەی بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی لە تەنیشت یەکەوە دەربکەون، کاتێک مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی شانبەشانی یەکدی قردێلەی سووریان بڕی، پێش ڕێوڕەسمەکەش، قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئامادەیی حزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت دەربڕی، بەڵام جەختی لەسەر بنەمای "هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە" کردەوە، کە ئەوە سیاسەتی فەرمیی یەکێتییە لەسەرەتای دانوستانەکانەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 2ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ڕایگەیاندبوو کە ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام مەرجی ئەوان بۆ پێکهێنانەکە پشت بەستنە بە "ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".

میدیای یەکێتی ئاماژەی بەوەداوە، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا پەکیکەوتووە، بەتایبەت لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بەشێکی زۆری ناکۆکییەکە پەیوەندی بە تێڕوانین بۆ کۆی پرۆسەکەوە هەیە. یەکێتی جەخت لە "هاوبەشی و هاوسەنگی" دەکاتەوە، لەبەرامبەردا پارتی باسی "بەشداری" دەکات.


PM:02:37:04/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو