جەبار یاوەر: ئامانج لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر زیان گەیاندنە بە ژێرخانی مەدەنی و پرۆژەی رووناکی


وێستگەنیوز-

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردەوەیەکی تیرۆریستییە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئامانج لێی زیان گەیاندنە بە ژێرخانی مەدەنی و پرۆژەی ڕووناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


ئەمڕۆ هەینی 28ی تشرینی دووەمی 2025، جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ‌هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە کوردستان 24ی راگەیاندووە، "ئەم کارێکی تیرۆریستییە و هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هاوڵاتییان، چونکە راستەوخۆ کاریگەری خراپی لەسەر ژیان هەیە، هەر وەک دوو رۆژە کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بڕاوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوانە پێشتر هێرشیان کردووەتە سەر بارەگەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکەخانەکان، بەڵام ئێستا ژێرخانی مەدەنی، ئابووری و ستراتیژی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، کە ئامانج لێی زیان گەیاندە بە ئابووری و پرۆژەی کارەبای24 کاتژمێریی کە هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ناوچەکە بتوانێت کارەبای بێپچران دابینبکات".

باسی لەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا ئەو لیژنەی سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردووە نازانێت، هێرشەکە بە درۆن یان مووشەک کراوە، مووشەکی گراد مووشەکێکی کۆن و سادەیە و مەوداکەی کورتە تەنیا نزیکەی 20 کیلۆمەترە ئامانجەکەی بپێکێت، بۆیە ئەگەر مووشەک بێت، پێشبینی دەکرێت لە دووزخورماتوو رەوانە کرابێت".

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتی، "دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەو 11 جارەی هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بووە، بۆیە ئەوان بەرپرسیاریی یەکەمن".

وتیشی، "تەنانەت ئەو کەسانەی کۆتا جار هێرشیان کردە سەر ئەو کێڵگەی سزا نەدارون، هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان نەبوونی هێزێکی هاوبەشە لە ناوچە بۆشاییە ئەمنییەکان".


PM:10:41:28/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت