سەرۆکایەتی کۆمار: پێویستە لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بکرێت و بكەرانی ئاشكرا بكرێن


وێستگه‌نیوز –

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جەختی كردەوە لەسەر پێویستی کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە سەبارەت بە هێرشی سەر كێڵگەی کۆرمۆر و ئاشکراکردنی بكەرانی ئەو هێرشە.


سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی و بووە هۆی زەرەروزیانگەیاندن لە وزەی كارەبای هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی وڵات.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری تاوانێکی قێزەون و هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە وڵاتدا بەدیهاتووە.

سەرۆکایەتی کۆمارى عێراق جەختیشی لەسەر پێویستی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و جددی بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە کردەوە و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد ریزەکانیان یەکبخەن و پێکەوە کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکەن، تاوەکو رێگە لە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی تووندوتیژی و پشێوی بگیرێت.



PM:06:19:27/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو