کۆمپانیای دانە گاز: هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر زیانی گیانی نەبووە


وێستگەنیوز-

لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کۆمپانیای دانە گاز راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025، کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، "کۆمپانیای دانە گاز (PJSC) بازاڕ ئاگادار دەکاتەوە کە کۆگایەکی عەمبارکردنی شلەمەنی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە مووشەک بە ئامانج گیراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە. پرۆسەی بەرهەمهێنان بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە راگیراوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "کۆمپانیاکە لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و لە کاتی گونجاودا زانیاری و نوێکاریی زیاتر بە بازاڕ رادەگەیەنێت".

لە دوای هێرشەکەی شەوی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بۆ هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر نوسیوویەتی، "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەم و داوا لە حکوومەتی عێڕاق دەکەم بە تووندی ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە بیاندۆزێتەوە و سزایان بدات".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو تیرۆستانەی پێشوو، یان هەر کەسێکی دیکە لە پشت ئەم هێرشانەوە بێت، نابێت ڕێگەیان پێ بدرێت ئەو تاوانە دووبارە بکەنەوە، یان بە کەفالەت ئازاد بکرێن وەک ئەوەی لە ڕابردوو ڕووی دابوو".

هەروەها مەسرور بارزانی داوا لە ئەمەریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە ،سیستەمی بەرگریی پێویستیان بۆ دابین بکەن بۆ بەرگریکردن لە ژێرخانیان،

دەشڵێت، "هاوکارمان بن بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە لەسەر گەلەکەمان و بەرەوپێشچوونمان".


AM:09:32:27/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو