مەسرور بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ بیانوویەک نییە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئاماژە بەوەشدەکات، رەخساندنی هەلی کار باری قورس لەسەر حکومەت هەڵدەگرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی کارگەی تەکنەلۆجیای زێڕین 2 رایگەیاند، "ئەو پیشەسازیانەی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە بەشێکن لە پلانی فرەچەشنکردنی ئابووری".

ئاماژەی بەوەکرد، "دروستکردنی هەلی کار بارقورسییەکی زۆر لە سەر شانی حکوومەت کەم دەکاتەوە، هەروەها لە هەموو ڕووێکەوە هەوڵمانداوە ئابووری کوردستان فرەچەشن بکەین و گرنگی بە هەمووکەرتەکان بدەین".

هەروەها لەبارەی ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە مەسرور بارزانی وتی، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هیچ بیانوویەک نییە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران، ئێمە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت".

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم وتیشی، "بەپێی هەلومەرجی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم هەڵسوکەوت دەکەین".

جەختی لەوەشکردەوە، پارتی بۆ یەک هەڵوێستی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەربووە.

مەسرور بارزانی باسی لە پۆستی سەرۆک کۆماری کورد کرد و ئاماژەی بەوەدا، "پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە، بەڵام تائێستا یەکلا نەبووەتەوە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ چ لایەنێکی کورد دەبێت، ئەمەش پێویستی بە رێککەوتنە لەنێوان لایەنەکاندا".


PM:03:23:26/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو