ئه‌مریكا نوێترین په‌یامی ده‌رباره‌ی نه‌وتی هه‌رێم راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز –
هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق نوێترین په‌یامی وڵاته‌كه‌ی ده‌رباره‌ی نه‌وتی هه‌رێم ئاشكراكرد و رایگه‌یاند كه "ده‌مانه‌وێت ڕێكه‌وتنی سێ لایه‌نه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌رده‌وام و درێژخایه‌ن بێت".
دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ڕێكه‌وتی 25ی تشرینی دووه‌م، له دیدارێكدا، كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به (وه‌كاله‌ت)، پێشوازیی له چاشوا هاریسۆن هه‌ڵسوڕێنه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان، له دیداره‌كه‌دا كه وێندی گرین كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده بوو، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی مێژوویی و به‌هێزی نێوان گه‌لی كورد و ئه‌مریكا، باس له دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت و بابه‌تی شایسته داراییه‌كانی كۆمپانیاكانی نه‌وت كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق خۆشحاڵیی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و زیادبوونی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت نراوه. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌یانه‌وێت ئه‌م ڕێكه‌وتنه سێ لایه‌نه به‌رده‌وام و درێژخایه‌ن بێت و چاره‌سه‌ری ئاسته‌نگ و هه‌موو ئه‌و گرفت و كێشانه‌ش بكرێت كه دێته به‌رده‌می ڕێكه‌وتنه‌كه. هاوكات پشتیوانی له وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات".
چاشوا هاریسۆن وتیشی: "بابه‌تی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بابه‌تێكی ستراتیژیی و گرنگه له‌لای ئیداره‌ی ئه‌مریكا".
وه‌زاره‌ته‌كه راشیگه‌یاندووه كه "به‌شێكی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه سروشتییه‌كان، به‌تایبه‌ت چاره‌سه‌ركردنی گرفته ته‌كنیكییه‌كان و بابه‌تی شایسته داراییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و ده‌ستخۆشی له‌وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانیش كرد بۆ پابه‌ندبوونیان به رێكه‌وتنی سێ لایه‌نه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ و كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت".
PM:06:20:25/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 164
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت