عه‌لی حسێن: ره‌نگه ئێستا هه‌ندێك حزب خواستی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌ت ده‌رببڕن
وێستگه‌نیوز -
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە جه‌ختی له‌سه‌ر خێراكردنی رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كانی ئێستا به‌رده‌وام بن، بژارده‌ی په‌نابردنه‌به‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ری زۆره.
عه‌لی حسێن به شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاند كه "ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسیانه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق روویانداوه، واقیعێكی سیاسی نوێی دروستكردووه كه ده‌توانێت ئاسانكاری بكات بۆ گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه كوردستانییه‌كان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به زووترین كات.
عه‌لی حسێن ده‌ڵێت: "پارتی نایه‌وێت بگاته قۆناغی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی نوێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه رێككه‌وتن، هیچ بژارده‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ستدا نابێت جگه له تاووتوێكردنی هه‌ڵبژاردنی نوێی په‌رله‌مانی كوردستان".
له وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌دا كه حزبه‌كه "كورسی كڕیوه" له هه‌ندێك لایه‌ن، حسێن به توندی ئه‌مه‌ی ره‌تكرده‌وه و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "ئه‌م تۆمه‌تانه بێ بنه‌مان و پێچه‌وانه‌ی واقیعن".
روونیشیكرده‌وه كه "دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، پارتی ده‌رگای خۆی به‌ڕووی هه‌موو لایه‌نه‌كاندا كرده‌وه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، به‌ڵام زۆرێك له هێزه‌كان له‌وكاته‌دا ئاماده نه‌بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مڕۆ هه‌لومه‌رج گۆڕاوه، ره‌نگه ئێستا هه‌ندێك حزب خواستی خۆیان بۆ به‌شداریكردن ده‌رببڕن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌م گۆڕانكارییه په‌یوه‌ندی به مامه‌ڵه یان كڕینی كورسییه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به ئاماده‌یی سیاسی هه‌ندێك لایه‌نه‌وه هه‌یه بۆ به‌شداریكردن له حكومه‌تی داهاتوودا، هه‌مان شت بۆ هێزه‌كانی دیكه‌ش ده‌گونجێت".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه حزبه‌كه‌ی "ده‌رگای به‌ڕووی یه‌كێتی و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا كردۆته‌وه و ئاماده‌یی ته‌واوه‌تی هه‌یه بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌ت له زووترین كاتدا".
عه‌لی حسێن راشیگه‌یاند كه "پارتی هیواداره كه‌شوهه‌وای دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ خێراكردنی لێكتێگه‌یشتنی نێوان هێزه كوردییه‌كان، چ سه‌باره‌ت به پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم یان دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به به‌شداریی لایه‌نه كوردستانییه‌كان له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "مامەڵەی نێوان لایەنەكان بەگوێرەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی سیاسی هەر لایەك دەبێت".
پارتی دیموكراتی كوردستان له خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی عێراق 27 كورسی به‌ده‌ستهێنا، له كۆی 46 كورسی كه بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكرابوو. به زیادكردنی پێنج كورسی كۆتا، كۆی كورسییه‌كانی پارتی ده‌بێته 32 كورسی.
پشكی هه‌رێمی كوردستان له په‌رله‌مانی عێراق 46 كورسییه له كۆی 329 كورسی، به‌م شێوه‌یه دابه‌شكراوه: 18 كورسی له پارێزگای سلێمانی، 16 كورسی له پارێزگای هه‌ولێر، 12 كورسی له پارێزگای دهۆك.
دوای نزیكه‌ی ساڵێك له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌رێم له‌ناو بنبه‌ستی سیاسی‌دا بێ حكومه‌تێكی نوێ ماوه‌ته‌وه. كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان شكستیان هێنا له شكاندنی ئه‌و چه‌قبه‌ستووییه.
PM:06:54:24/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 160
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت