وتەبێژی پارتی: پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە مەرج نییە بۆ یەکێتی بێت


وێستگەنیوز-

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە مەرج نییە بۆ یەکێتی بێت، ئاماژە بەوەشدەکات، پارتی لەگەڵ نەوەی نوێ گفتوگۆی کردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، بەڵام داواکارییەکانی ئەوان زۆربوون و جێبەجێ نەکراون.


ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، "ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، پێش هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ یەکێتی لە زۆر بواردا رێککەوتبووین لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم، ئێمە داوامان کرد بابەتی عێراق تێکەڵ بە هەرێمی کوردستان نەکرێت، چونکە دوو بابەتی جیان".

ئاماژەی بەوەکرد، "لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەبێت متمانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەو هێزانە لەبەرچاو بگیرێت و پشکی خۆیان لە بەرپرسیارێتی بە تەواوی بدەن".

مەحمود محەمەد وتی، "ئێمە لەگەڵ نەوەی نوێ گفتوگۆمان کردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، بەڵام داواکارییەکانی ئەوان زۆربوون و نەمانتوانی جێبەجێی بکەین، ئێستاش چاوەڕێیی گۆڕانکارین لە هەڵوێستی ئەو حزبە".

باسی لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کرد ئاماژەی بەوەدا، "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە مەرج نییە بۆ یەکێتی بێت، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکەین و لەسەری رێکدەکەوین".

وتیشی، "مەرجی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئەوەیە دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور خزمەتی هەموو چین و توێژەکان بکات".

راشیگەیاند، "هەر لایەنێک بیەوێت لەبارەی کاراکردنی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ گفتوگۆ بکات، ئێمە وەک پارتی ئامادەین".


PM:03:48:23/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت