بەها ئەعرەجی: پارتی دوو كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار
وێستگەنیوز-
ئەندامێكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان كه محەمەد شیاع سودانی سەرۆكایەتی دەكات ئاشكرای كردووە، پارتی ديموكراتى كوردستان دوو كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
بەها ئەعرەجی، ئەندامی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی عەهد رایگەیاند، "لە سەردانەكەماندا بۆ دهۆك لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چەند دانیشتنێكمان ئەنجامدا".
وتیشی، "لەو دانیشتنانەدا محەمەد شیاع سودانی، بەگرنگی زانی ماڵی كورد یەكبخرێت و بەمنزیكانە شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی دانوستان لەگەڵ كورد دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق".
ئاماژەشی كرد، "مەسرور بارزانی گلەیی كردووە كە مووچە نانێرین، سودانیش لە وەڵامدا باسی لەوە كردووە، كە هەرێمی كوردستان پابەندنەبووە، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی كەمی پارە بوونەتەوە".
دەشڵێت، "محەمەد شیاع سودانی داوای لە مەسعود بارزانی كردووە ماڵی كورد یەكبخرێت و لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون".
دووپاتیشیكردەوە، "پارتی دوو كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، رەنگە یەكێكیان فوئاد حسێن بێت".
PM:04:46:21/11/2025
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت